ئاکپارتی کاندیدەکانی لە دیاربەکر ئاشکراکرد و بەڵێنی گرنگیدان بە زمانی کوردی دەدەن

K24 – دیاربەکر:

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) کاندیدەکانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی دیاربەکر ناساند. لە رێوڕەسمی ناساندنی کاندیدانیشدا، ئەفکان ئاڵا، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند، دیموکراسییەکی پێشکەوتوو بە شارە پێشکەوتووەکان دەبەخشن، هەروەها کاندیدەکان جەختیان لەوە کردەوە کە گرنگی بە زمانی کوردی دەدەن.

پارتی داد و گەشەپێدان ئاک پارتی  لە رێوڕەسمێکدا بە بەشداریی بەرپرسان و پەرلەمانتارانی لە دیاربەکر، کاندیدانی خۆی بۆ هەڵبژاردنی شارەوانی دیاربەکر ناساند، هاوکات ڤێدات ئیشیکهان، وەزیری کار و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تورکیا رایگەیاند، دیموکراسی پێشکەوتوو، گەشەسەندنی ئابووری و سەقامگیری لە رێگەی شارەکانەوە مومکینە.

لەلایەکی دیکەوە ئەفکان ئالا، جێگری سەرۆکی ئاکپارتی رایگەیاند، "دیموکراسییەکی پێشکەوتوو بە شارە پێشکەوتووەکان دەبەخشین".

لەلایەن خۆیەوە بەدرهان ئاکیۆل، کاندیدی ئاکپارتی لەمیانەی گوتارێکدا ئاماژەی بەوەدا، "ئێمە کوردین، زمانمان کوردییە، من لە قەزای رەزانی سەر بە پارێزگای دیاربەکر گەورە بووم، هاوکات سەرۆکی تیپی تۆپی پێ بووم لەو قەزایە، کێشەکان بە باشی دەزانم". ئێمە پڕۆژە بۆ هەژاران دروست دەکەین و هەلی کاریان بۆ دەڕەخسێنین".

هەروەها محەمەد فاتیح، کاندیدێکی دیکەی ئاکپارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، ماڵی زانست دادەمەزرێنین، کە پێکدێن لە کۆمەڵێک قوتابخانە، لەو قوتابخانانەشدا وانە بە زمانی کوردی دەخوێندرێت.

هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە 31ـی مانگی ئاداری داهاتوو بەڕێوەدەچێت و بە گوێرەی ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکاندا 36 پارتی سیاسی مافی ئەوەیان هەیە بەشداری بکەن لەوانەش: دەم پارتی، ئاکپارتی، جەهەپە، مەهەپە، ئیی پارتی، دەڤا، سەعادەت، ئاییندە، هوداپار و تەواوی ئەو فراکسیۆنانەی کە لە پەرلەمانی تورکیا کورسییان هەیە و ئەو پارتە تۆمارکراوانەی کورسی پەرلەمانییان بەدەستنەهێناوە دەتوان بەشداری بکەن.

Fly Erbil Advertisment