نێچیرڤان بارزانی: پێویستە سنوورێک بۆ میلیشیاکانی عێراق دابنرێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ هەردوو کەناڵی ئەلعەرەبییە و ئەلحەدەس رایگەیاند، هەرێمی کوردستان ترسی هەیە لەوە بەغدا نەتوانێت بیپارێزێت، بۆیە پێویستە سنوورێک لەبەردەم گرووپە میلیشیاکانی عێراق دابنرێت.

نێچیرڤان بارزانی دەڵێ: ئاڵنگارییەکانی ئێستا لە قۆناغی داعش سەخترن، چونکە هێڵی پێشەوەی بەرەی شەڕ نادیارە.

هەروەها هەڵوێستی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرز نرخاندووە و داوایکرد حکومەتی عێراق پێویستە رۆڵێکی کارای هەبێت لە پاراستنی هەرێمی کوردستان.

ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی عێراقدا بڕیار لەسەر بوون و مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەدات.

نێچیرڤان بارزانی رەتیدەکاتەوە هیچ پەیوەندییەک لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئیسرائیل هەبێت و دەڵێت: "هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئیسرائیل نییە و هیچ بنکەیەکی مۆسادی ئیسرائیلیش لە هەرێمی کوردستان نییە، هەربۆیە پڕوپاگەندەکانی ئێران لەبارەی بوونی مۆساد لە هەرێمی کوردستان راست نین، جیا لەمەش تاران هیچ بەڵگەیەکی لەبارەی بوونی مۆساد لە هەرێمی کوردستان بە بەغدا نەداوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە هەرێمی کوردستان سەرچاوەی هەڕەشە نییە لە سەر ئێران، هەربۆیە بۆردومان و هێرشە مووشەکییەکانی ئێران، کە بووەتە هۆکاری کوژرانی هاووڵاتییانی مەدەنی ناکرێت بخرێتە چوارچێوەی دۆستایەتی.

جەختیشیکردەوە، بە پاساوی بوونی بنکەی مۆسادی ئیسرائیلی، تاوەکوو ئێستا ئێران و گرووپە میلیشیاکانی عێراق، کە خۆیان بە موقاوەمەی ئیسلامی عێراق ناساندووە، چەندینجار هێرشی جیاو دووبارەیان بۆ سەر چەندین شوێنی هەرێمی کوردستان کردووە.

دەربارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتوویەتی: بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خاکی ئێمە لە دژی تورکیا بەکاربهێنێت، چونکە پەکەکە سەرچاوەی هەڕەشەیە بۆ دراوسێکەمان و ئەمەش ناکۆکییەکی گەورەی بۆ ئێمە و بەغدا دروستکردووە.

راشیگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی 20 ساڵ، کەچی لە عێراق سیستەمی فیدرالی جێبەجێ نەکراوە، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەو پەڕی شەفافیەتەوە لە بارەی دۆسیەی داهاتەکان مامەڵەی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە.

Fly Erbil Advertisment