بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: بەهۆی شێلوبوونی ئاوی رووبارەکان پڕۆژەکانی ئاو وەستاون

K24 – هەولێر:
بەڕێوبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر ئاماژەی بە وەستانی پڕۆژەی دابەشکردنی ئاوی گەڕەکەکانی هەولێر ئیفراز دوو کرد بەهۆی هەورە تریشقەوە، هاوکات دەڵێت: "چەند تانکەرێک دابین دەکەین بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر ئەو گەڕەکانەی کە سەر بە پڕۆژەی ئیفراز دوونە".
ئەمڕۆ هەینی (16ـی شوباتی 2024) زەردەشت سەرسام، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەهۆی ئەو بارانە بەلێزمەی دوێنێ و ئەمڕۆ پڕۆژەکانی ئاو وەستاون، هەروەها لەگەڵ تیمەکان خەریکین پڕۆژەکان بەگەڕبخەینەوە.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، هەر سێ پڕۆژەی شاری هەولێر، ئیفراز یەک، دوو و سێ تووشی گرفتی لێڵبوونی ئاو بوونە، بەڵام "ئێمە لە دوێنی کاتژمێر سێی نیوەڕۆوە پڕۆژەی ئیفراز دوو بە تەواوی وەستاوە بەهۆی ئەوەی هەورە تریشقە لێیداوە و پڕۆژەکە پەکی کەوتووە".
زەردەشت سەرسام، دەڵێت: تیمەکان لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی ئەو گرفتە چارەسەربکەن، بەڵام ئەگەر بەشێوەیەکی خێراش کاربکەن ئەوە بە لایەنی کەمەوە چاککردنەوەی ئەم پڕۆژەیە 15 رۆژی دەوێت، لە ئەنجامدا بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر بۆ ماوەیەکی کاتی بێئاو دەبن.
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر، گوتی: راستە ئاوی رووبار شێلو بووە، بەڵام "تیمەکانمان توانیویانە پڕۆژەکانی ئیفراز یەک و سێ بەگەڕبخەنەوە، کە ئەمەش دوو پڕۆژەی سەرەکین کە ئاو بۆ زۆرینەی گەڕەکەکانی هەولێر دابین دەکەن".
زەردەشت سەرسام، گوتیشی: "بەهۆی وەستانی ئاوی پڕۆژەی ئیفراز دوو بەهۆی هەورە تریشقەوە، چەند تانکەرێک دابین دەکەین بۆ دابەشکردنی ئاو بەسەر ئەو گەڕەکانەی کە سەر بە پڕۆژەی ئیفراز دوون".