ئەمشەو نەورۆز رووبەڕووی كارەبا دەبێتەوە

لە قۆناغی 16ـی جامی عێراق یانەی نەورۆز لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەغدا دەبێتە میوانی یانەی كارەبا، بۆ ئەم یارییە وەلی كەریم راهێنەری نەورۆز لە توانایەكانی 3 یاریزانی بێبەش دەبێت.
لە جامی عێراق ئەمشەو كاتژمێر 21:30، یانەی نەورۆز لە یاریگەی زەورا رووبەڕووی كارەبا دەبێتەوە، یانەی نەورۆز بۆ ئەم یارییە بەهۆی پێكانەوە لە تواناكانی دیار یاخی، ئیبراهیم تۆمیۆ و لامین ساماتا بێبەش دەبێت.
لەم یارییە سورپۆشەكانی سلێمانی ئامانجیان ئەوەیە بە بردنەوە لە كارەبا ئەنجامە خراپەكانی ئەم دواییەی یانەكە لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لەبیر هاندەرانیان بەرنەوە، بەوپێیەی لە دوایین 3 یاریی هیچ سەركەوتنێكیان تۆمار نەكردووە.
نەورۆز لە مێژووی خۆیدا 6 جاری دیكە رووبەڕووی كارەبا بووەتەوە، تەنیا یەك یاریی لەو یانەیە بردووەتەوە، 3 دۆڕان و 2 بەرامبەربوونیشی هەیە.
بڕیارە سبەی چوارشەممە، لە یارییەكی دیكەی قۆناغی 16ـی جامی عێراق، لە كاتژمێر 21:30 لە یاریی لوتكەدا زاخۆ میوانداریی شورتە بكات، یانەی هەولێریش رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو لە كاتژمێر 14:30 لە یاریگەی ئەحمەد رازی لە بەغدا دەبێتە میوانی یانەی كەرخ.
