ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: ئێران هاوکاریمان ناکات

ڕاپۆرتێکی نهێنیی دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بەسەر وڵاتانی ئەندامدا دابەش کراوە، ڕایگەیاندووە، پێش دەستپێکی جەنگی 12 ڕۆژە، ئێران کۆگای یۆرانیۆمی پیتێنراوی بۆ ئاستی نزیک لە دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم زیاد کردووە.
ئاژانسی هەواڵی ئاسۆشییەتد پرێس، بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، کە لە ڤیەننا ئامادە کراوە، ڕایگەیاند "ئێران تا 13ی حوزەیرانی ڕابردوو، 440 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەڕێژەی 60% هەبووە، کە ئەمەش زیادبوونێکە بە بڕی 32.3 کیلۆگرام، پاش دوا ڕاپۆرتی ئاژانسەکە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا."
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە کە ئەم داتایە "لەسەر بنەمای زانیارییەکانی ئێران، چالاکییەکانی پشتڕاستکردنەوەی ئاژانسەکە لە نێوان 17ی ئایاری 2025 و 12ی حوزەیرانی 2025 (ڕۆژێک پێش دەستپێکی هێرشە سەربازییەکان) و خەمڵاندنەکان کە لەسەر بنەمای کاری ڕابردووی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان ئامادە کراوە."
تەنیا هەنگاوێکی تەکنیکیی بچووک ماوە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم
بەپێی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لەڕووی تیۆرییەوە نزیکەی 42 کیلۆگرام یۆرانیۆمی 60% پیتێنراو بەسە بۆ بەرهەمهێنانی یەک بۆمبی ئەتۆمی، ئەگەر بەڕادەی 90% بپیتێرێت؛ ئێران ئێستا زۆر زیاتر لەو ڕادەیە یۆرانیۆمی پیتێنراوی هەیە.
داوای دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان دەکرێت
ڕاپۆرتە نهێنییەکە، ئەوەشی خستەڕوو کە ئێران و ئاژانسەکە نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک لەسەر دەستپێکردنەوەی پشکنینی ئەو شوێنانەی کە لە مانگی حوزەیراندا بەهۆی بۆردوومانەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکاوە زیانیان بەرکەوتووە.
لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا ئیسرائیل پێگە ئەتۆمی و سەربازییەکانی ئێرانی بۆمباران کرد و ڕایگەیاند، ناتوانێت ڕێگە بدات تاران چەکی ئەتۆمی پەرە پێ بدات و ترسی ئەوەی هەبوو کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نزیک بووەتەوە. هێشتا ڕوون نییە تا چەند ئەو هێرشانە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی ئێرانیان تێک داوە.
ئێران چیدی هاوکاریی ناکات
لە 2ی تەممووز، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، یاسایەکی ئیمزا کرد کە لەلایەن پەرلەمانی ئێرانەوە پەسەند کرابوو، بۆ هەڵپەساردنی هەموو هاوکارییەک لەگەڵ ئاژانسەکە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، ڕافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاندووە "شێوازە تەکنیکییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی سەرجەم پشکنینەکانی ئاژانسەکە، دەبێت بە بێ دواکەوتن کۆتاییان پێ بێت."
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەدا "هەرچەندە کشانەوەی پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێران لە کاتی جەنگدا پێویست بوو بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتیی ئەمنی، بەڵام بڕیارەکەی دواتری تاران بۆ ڕاگرتنی هاوکاریی لەگەڵ دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر جێی داخ بوو."
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، ڕایگەیاند "لە 13ی حوزەیرانەوە، نەیتوانیوە چالاکییە مەیدانییە پێویستەکان بکات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی ئێران سەبارەت بە بڕی یۆرانیۆمی پێتێنراو لە کۆگاکدا."
تەنیا شوێنیک کە لە دوای جەنگەوە پشکنینی بۆ کراوە، وێستگەی کارۆگەرمیی ئەتۆمیی بوشەهر بووە، کە بە یارمەتیی تەکنیکیی ڕووسیا کار دەکات. پشکنەران لە 27 و 28ی ئاب، چاودێریی گۆڕینی سووتەمەنییان لە وێستگەکەدا کرد.
ئاژانسەکە ئەوەشی ڕاگەیاند "پشکنەران، زیاتر لە دوو مانگ و نیوە نەیانتوانیووە کۆگای یۆرانیۆمی ئێران، کە لەوانەیە بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆم بەکار بێت، بپشکنن، ئەمەش مەسەلەیەکی جیددیی نیگەرانیکەرە."
هەرچەند بە پێی پەیماننامەی قەدەغەکردنی بڵاوبوونەوەی چەکی ناوەکی، لە ڕووی یاساییەوە ئێران پابەندە بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان.
گفتوگۆی زیاتر لە پێشە
ڕاپۆرتەکە، وردەکاریی گفتوگۆکانی نێوان ئێران و دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکانی خستەڕوو بۆ دەستپێکردنەوەی پشکنینەکان لە ماوەی مانگ و نیوی ڕابردوودا. لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، کە تیمێکی تەکنیکیی دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 11ی ئاب لە تاران گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا کردووە.
ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە لە 14ی ئاب، ئێران نامەیەکی ناردووە کە تێیدا پرۆژەیەکی وردی بۆ "ڕێکخستنێکی نوێ"ی تێدا بووە، کە بەپێی ئەو پرۆژەیە، دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبێت داواکارییەکانی بۆ پشکنینی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، هەنگاو بە هەنگاو پێشکەش بکات.
سەبارەت بە شوێنە زیانلێکەوتووەکان، ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئێران "بەڵێنی یەک مانگ دوای پەسەندکردنی پرۆژە نوێیەکە، ڕاپۆرتێک بە ئاژانسەکە پێشکەش بکات ." بەپێی پێشنیارەکەی ئێران، تەنها دوای پێشکەشکردنی ئەو ڕاپۆرتە، ئێران و دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی ڕێککەوتنێکی نۆی بۆ هاوکاری، گفتوگۆ دەکەن."
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، بە ئێرانی ڕاگەیاند، هەر ڕێککەوتنێکی نوێی هاوکاریی دەبێت بەپێی ڕێککەوتننامەی گەرەنتیی ئەتۆمیی نێوان تاران و دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بێت.
ڕاپۆرتەکە، ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا گفتوگۆکانی نێوان ئێران و دەزگای چاودێریی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڤیەننا، بەردەوام دەبن.
میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان
ڕاپۆرتەکەی ئاژانسەکە لە کاتێکی هەستیاردا دێت چونکە فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا لە 28ی ئاب دەستیان بە پرۆسەی دووبارە سەپاندنی سزاکان بەسەر ئێراندا کرد.
ئەم پرۆسەیە، کە دیپلۆماتەکان بە "سناپباک" ناوی دەبەن، بۆ ئەوە دیزاین کرابوو کە لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڤیتۆی لەسەر نەبێت و دەتوانێت لە ماوەی مانگێکدا کاریگەریی هەبێت.
سێ وڵاتەکە مۆڵەتێکی 30 ڕۆژەی بۆ گەڕانەوەی سزاکان داناوە، ئەگەر لەو ماوەیەدا ڕۆژئاوا و ئێران نەگەنە ڕێککەوتنێکی دیپلۆماسی.
وڵاتانی ئەورووپا ڕایانگەیاندووە کە ئامادەن وادەکە درێژ بکەنەوە، ئەگەر ئێران دانوستانەکانی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا لەسەر پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی دەست پێ بکاتەوە، ڕێگە بە پشکنەرانی ئەتۆمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بدات دەستیان بە شوێنە ئەتۆمییەکانی بگات و لێپرسینەوە لەو زیاتر لە 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمە پیتێنراوە بکات کە دەزگای چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە لەوەی ئێران هەیەتی.
تا ئێستا، ئێران هیچ کام لەم مەرجانەی جێبەجێ نەکردووە