هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەردەوامە

K24 – هەولێر:
هێرشی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور بەردەوامە، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن ئاشکرایکرد، ئێران بە چەندین رێگە چەک و هاوکاریی سەربازیی دەگەیێنێتە حووسییەکان، هەروەها بەشوێن رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ رێگریکردن لێی. سەرکردەیەکی حوسییەکانیش دەڵێت، لە دەستپێکی هێرشەکانیان لە دەریای سوور، 73 کەشتییان کردوونەتە ئامانج و 34 ئەندامیشیان کوژراون.
سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرایکرد، ئێمە بەشوێن رێگەیەکدا دەگەڕێین بۆ رێگریکردن لە گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ حووسییەکان.
گوتیشی: "بینیوتانە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا چەندین ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەنجامداون، بەڵام هێشتا چەند رێگەیەکی دیکەش هەن کە ئێران دەتوانێت چەک و هاوکاریی سەربازیی بگەیێنێتە حووسییەکان، ئێمە بەردەوام چاودێریی دەکەین، تاوەکو بزانین چۆن ئەو چەکانەیان بەدەست دەگات".
لەلایەن خۆیەوە عەبدولمەلیک حووسی، سەرکردەی حووسییەکانی یەمەن، رایگەیاند؛"ئامانجی سەرەکیمان رێگریکردنە لە تێپەڕبوونی هەر کەشتییەک پەیوەندی بە ئیسرائیلەوە هەبێت. لەم هەفتەیەدا 12 ئۆپراسیۆنی دەریاییمان ئەنجامداوەن و 58 مووشەکی بالیستمان تەقاندوون.
ناوبراو راشیگەیاند، "ژمارەی ئەو کەشتییانەی لە دەستپێکی هێرشەکانمان لە زەریا هیندی و دەریای سوور کردوومانەتە ئامانج، گەیشتنە 73 کەشتی، تاوەکو ئێستاش 34 ئەنداممان کوژراون، هەروەها شەڕانگێزی ئیسرائیل لە غەززە بەردەوام بێت، هێرشەکانمان بەردەوام دەبن، تەنیا شتێک هێرشەکانمان راگرێت، راگرتنی شەڕە لە غەززە".
دەریای سوور یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە بازرگانییەکان لە جیهان، چاوێکی زۆری وڵاتانی لەسەرە، چونکە زیاتر لە 12 لەسەدی تێکڕای بازرگانی جیهان لەو دەریایە ئەنجامدەدرێت، بەڵام بەهۆی هێرشەی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، دەیان کۆمپانیا کارەکانیان راگرتووە یاخود رێڕەوەکەیان گۆڕیوە.