عەلی سەعید: کۆچی پێچەوانەی ئاوارەکان بۆ کەمپەکانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان دەڵێت: حكومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكانە بۆ ناوچەكانیان.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان، لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، كۆچی پێچەوانەی ئاوارەكان بۆ كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان بەردەوامە.
ناوبراو دەڵێت: حكومەتی ھەرێمی لەگەڵ گەڕاندنەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەكانە بۆ ناوچەكانیان
بەڕێوەبەری داتا و زانیاری فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان ئاماژە بەوەدەکات، ئامادەن لەگەڵ حكومەتی عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ بەرژەوەندی ئاوارەكان لەو دۆسییەدا ھەنگاوی زیاتر بگرنەبەر.
پێشتریش عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەكان، لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای ساڵی 2016، 2017، دوای پڕۆسەی ئازادکردنی ئەو ناوچانەی کە داعش داگیری کردبوون، پڕۆسەی گەڕاندنەوەکان دەستیپێکرد و بەردەوامبوو، لەسەرەتاوە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندا هەبوو، لە ئێستادا نزیکەی ملیۆنێک ئاوارە و پەنابەر هەیە.
ناوبراو گوتیشی: "پڕۆسەی ئارەزوومەندانەی گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەرەکان بۆ زێدی خۆیان یاخود وڵاتانی دیکە بەردەوامبووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی ئەو پڕۆسەیەی کردووە، بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە، بەڵام داخستنی کەمپ و بە زەبری هێز ئەو پەنابەرانە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، ئەوە سیاسەتێکی رەتکراوەیە، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان".