لەسەر لێدوانێک؛ وەزیری پێشوویی دارایی عێراق بانگهێشتی دەستەی دەستپاکی دەکرێت

K24 - هەولێر
لەسەر ئەو لێدوانەی گوتوویەتی "سامانی زیاتر لە 30 کەسایەتیی سیاسی و ئابووریی عێراق، یەک ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت".. وەزیری پێشوویی دارایی عێراق بانگهێشتی دەستەی دەستپاکی دەکرێت.
ڕۆژی دووشەممە، 01-04-2024، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری پێشووی دارایی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەگەڵ کەناڵی "شەرقییە عێراقییە" رایگەیاند، سامانی زیاتر لە 30 کەسایەتیی سیاسی و ئابووریی عێراق، یەک ملیار دۆلار تێدەپەڕێنێت و، سەرچاوەی سەرەکیی داهاتەکەیان، پارەی دەوڵەتە و داهاتی دەوڵەت لەلایەن ئەوانەوە دەدزرێت.
هەر لەبارەی ئەم لێدوانە، د. محەممەد عەلی موفتن، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی خۆپاراستن لە دەستەی دەستپاکیی عێراق لە نووسراوێکدا داوای لە وەزارەتی دارایی عێراق کردووە، عەلی عەبدولئەمیر عەلاوی، وەزیری پێشووی دارایی ئاگادار بکاتەوە کە پێویستە لەبارەی ئەو لێدوانەی لە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنییەکەدا داویەتی؛ لە بارەگای دەستەی دەستپاکی ئامادەببێت.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئامانج لە بانگهێشتکردنی وەزیری پێشووی دارایی عێراق، پێدانی ئیفادە و زانیاری و بەڵگەیە لەبارەی ئەو 30 کەسایەتییە سیاسی و ئابوورییەی لە چاوپێکەوتنە تەلەڤزیۆنەکەدا باسی کرد، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.
