کتێبی "هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمان و داستانی کوردیدا" بڵاوکرایەوە

چاپکراوی نوێ
چاپکراوی نوێ

K24 - هەولێر

نوێترین  کتێبی بەناوی "هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمان و داستانی کوردیدا" بڵاوکرایەوە کە ئەو کتێبە لە 250 لاپەڕەی قەبارە گەورە پێکهاتووە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی نیسانی2024، د. کەیفی ئەحمەد، نووەری کتێبی"هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمان و داستانی کوردیدا"  بە کوردستان24ـی راگەیاند، ناوەڕۆکی کتێبی "هونەری گێڕانەوە لە ڕۆمان و داستانی کوردیدا"، پێنج لێکۆڵینەوەی ئەکادیمی لەخۆی دەگرێت، سێیانیان لەسەر رۆمانە و دووانیان لەسەر داستانە، لەگەڵ گوتارێک لەسەر رۆمان. لێکۆڵینەوەی یەکەم کە لەسەر رۆمانە بەناوی بتیادی وەسف لە رۆمانی هێلانەی حوسێن عارفدا، لێرەدا بەشێوەیەکی ئەکادیمی و دوورودرێژ باسی ئەو وەسفە جوانانەمان کردووە کە لە رۆمانی هێلانەدا حوسێن عارف بەکاری هێناوە.

ئەو دەشڵێت: "لێکۆڵینەوەی دووەم بەناوی ریالیزم لە رۆمانی هەڵکشان بەرەو لوتکە، ئەوە رۆمانێکە کە زیاتر سوودی لە ڕاستییەوە بینیوە، ئەو ڕاستییەی کە لەنێو شاری کەرکوک دیارە، لەو گەڕەک و کارەکتەر و شوێنانە دەکات کە بەشێوەیەکی ڕاستی باسی لێوە دەکات."

د. کەیفی ئەحمەد گوتیشی: "لێکۆڵینەوەی سێیەم کە لەسەر داستان کردوومانە، یەکەمیان بەناوی رەنگدانەوەی باوکسالاری لە داستانی سەیدەوان، دیارە داستانی سەیدەوان یەکێکە لە داستانە جوانە فۆلکلۆرییەکانی کورد، هەروەها یەکێکە لە تڕاژیدیایەکان، کە دەتوانین بە تڕاژیدیایەکی زۆر جوان دایبنێین کە بەپێی بنەماکانی ئەرستۆیی هەموو بنەماکانی تڕاژیدیای تێدا بەرهەم دێت، ئەو داستانە زیاتر باسی دەسەڵاتی باوک دەکات، ئێمە لەو رۆمانەدا تەنیا قسەمان لەسەر ئەو روانگەیەدا کردووە، ئەو باوکسالارییەی کە عەزیزە کوێر دەرهەق بە ماڵ و کوڕ و کچ و عەشیرەتەکەی بەکاری دێنێت."

Fly Erbil Advertisment