لارا دزەیی بەشداریی نمایشێکی جل و بەرگ لە میلانی ئیتاڵیا دەکات

لە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، هەفتەی نمایشی میلان لە ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، کچە دیزاینەرێکی کوردیش بە کۆمەڵێک دیزاینی نوێ، بەشداریی هەفتە نمایشەکە دەکات.
لارا دزەیی، کچە دیزاینەری کورد بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: 27ـی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ، نمایشی جل و بەرگ لە میلانی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، ئەویش نوێترین دیزاینەکانی بەناوی "Milan Enchanted"، کە 30 مۆدێلی جل و بەرگە، نمایش دەکات.
لارا دەڵێت: زۆر دڵخۆشم بەو نمایشە، چونکە دوو ساڵ پێش ئێستا نمایشێکم لە پاریس ڕێکخست، زۆر پێم خۆشبوو دووەم نمایشم لە میلان بێت، لەبەر ئەوەی میلان پایتەختی فاشیۆنە.
لارا گوتی: 30 دیزاینی زۆر جیاواز و بەهێز و پڕ لە ڕەنگ و مۆدێرن و کلتووریم تێکەڵ بەیەک کردووە و هارمۆنیایەکی جوانم دروست کردووە کە تاکوو ئێستا کەس نەیبینووە، بۆ یەکەمین جار لە نمایشەکە نیشانی دەدەم.
دەڵێت: لە مانگی 11ـی ساڵی ڕابردووەوە خەریکی دیزاینەکانم، هەشت مانگە خەریکی کاری ئامادەکاری و ڕێکخستنم بۆ نمایشە نوێیەکە، دەشڵێت: نمایشەکەم کارێکی زۆر پڕ مانا دەبێت.
لارا دزەیی بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: ماوەیی سێ ساڵە کاری دیزاین دەکەم، چونکە دەمێکە خولیای ئەو کارەم، دوێنێ لە کەناڵی ڤۆکس 5 ئەمەریکی دیدارێکی تەلەفزیۆنیمان هەبوو، دەربارەی نمایشی میلانۆ.
هەفتە نمایشی جلوبەرگی میلان، لە 23 تاکوو 29ـی ئەیلوولی 2025 لە شاری میلانی ئیتاڵیا بەڕێوەدەچێت، چەندین براند و ناوی جیهانی لەبواری جل و بەرگی ئافرەتان لەسەر ئاستی جیهان بەشداریی تێدا دەکەن.
لارا دزەیی، کچی هونەرمەندی ناسراو هۆمەر دزەییە و لە نەمسا لەدایکبووە، بڕوانامەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانی هەیە، چەند ساڵێکە لە هەولێر دەژیت، زمانی ئینگلیزی، کوردی، فارسی، عەرەبی و ئەڵمانی دەزانێت و وەک خۆی باسی دەکات، نمایشەکانی لە ژمارەیەکی زۆری گۆڤارە نێودەوڵەتییەکان بڵاوبووەتەوە.


