سەرەڕای کۆسپ و فشارەکان، مەسرور بارزانی دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانی کوردستان نەبوو

سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی
سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی

K24 - هەولێر

سەرەڕای بوونی دەیان کۆسپ و تەگەرەی جیاواز، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەردەوام جەختی لە دەستبەردارنەبوون و سازشنەکردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە و بەڵێنیدا تا دواسات کار بۆ دەستەبەرکردنی مافی هاوڵاتییانی کوردستان دەکات، تاوەکو لەکۆتاییدا بەڵێنەکەی خۆی بەجێ گەیاند.

سازشنەکردنی سەرۆکوەزیران مه‌سرور بارزانی لەسەر مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و خۆڕاگری گەل، کلیلی دەستکەوت و سەرکەوتنەکانە.

دوای رووبەڕووبوونەوەی دەیان کۆسپ و بەربەستی سەخت و بیانووی بێ مانا بۆ پێنەدانی مافە ڕەواکانی مووچەخۆر و خەڵکی کوردستان؛ لە کۆتاییدا خۆڕاگریی سەرکەوت و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، گەیشتنە چارەسەری بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم ڕاگەیاند.

مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەم ماوانەی رابردوودا چەندین جار جەختی لەسەر دەستبەردارنەبوون و سازشنەکردن لەسەر مافە رەوا و دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان کردووەتەوە.

 لە 16ـی مانگی رابردوو و لەکاتی یادکردنەوەی کیمیابارانی هەڵەبجەدا سەرۆکوەزیران رایگەیاند، "ئەو عەقڵییەتەی لە پشت شاڵاوەکانی سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان بوو، ئێستاش هەر ماوە و دەبێ بە هەمووانەوە دژی بوەستنەوە، نابێت ڕێگە بە کەسانێک بدرێت کە ئامانجیان یاریکردنە بە قوربانیانی خەڵکی کوردستان و ڕێگەخۆش دەکەن بۆ خۆبەدەستەوەدان و لاوازکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان".

لە 20ـی ئادار و لە میانەی پەیامی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز، سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە، ڕێز و پێزانینی بۆ خەڵکی خۆڕاگری هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە و رایگەیاند، بەداخەوە خەڵکی کوردستان بوونەتە قوربانی گەمەی سیاسی هەندێک کەس و لایەن کە بۆ بەرژەوەندی خۆیان، بازرگانی بە مافە دەستووری و شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانەوە دەکەن، بەڵام دڵنیان دواجار خواست و ئیرادەی خەڵکی کوردستان لە پێناو ژیانێکی ئازاد و سەربەرزانە هەر سەردەکەوێت.

هاوكات لە ئاهەنگی جەژنی نەورۆزدا لە ئاکرێ سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە سوپاسی خۆڕاگری گەلی کرد و گوتی، پەیمان دەدەنە خوا، خوێنی شەهیدان، پێشمەرگەکان و خەڵکی کوردستان کە بەرگری لە ماف و دەستکەوتی خەڵک و کیانی کوردستان دەکەن و روووبەڕووی ستەم و بێ دادی و نادادپەروەری و گەندەڵی دەبنەوە.

هه‌روه‌ها لە 26ـی هەمان مانگدا دووپاتیکردەوە و رایگەیاند، بە هیچ جۆرێك واز لە هیچ مافێكی دەستووریی خەڵكی کوردستان ناهێنن و خوا و گەلیان لەگەڵ بێت، منەتی كەس هەڵناگرن.

ئیدی ئەمجاره‌ و لەبەرهەمی خۆڕاگری و سازش نەکردنەکەدا و دوای ئەوەی کێشەی مووچە له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان چارەسەرکرا، رۆژی چوارشه‌ممه، 03-04-2024،‌ سەرۆکوەزیران لە پەیامێکدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، توانراوە چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت، لە ماوەی ڕابردوودا، هەوڵی زۆر دراوە کە هاووڵاتیانی هەرێم نائومێد بکرێن، بۆیە جارێکی دیکەش سوپاسی خۆڕاگریی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی کرد.

Fly Erbil Advertisment