دیندار زێباری: عێراق فشار دەخاتە سەر ئاوارەكان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان

دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، عێراق فشار دەخاتە سەر ئاوارەكان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، لە كاتێكدا دەبێت گەڕانەوەكە بە بەرنامە بێت و خزمەتگوزاری و ئاسایش بۆ ناوچەكانیان بگەڕێتەوە.

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە شنگال، گرووپە میلیشاكانی پەكەكە و حەشدی شەعبی و ھێزی سەپێندراو باڵادەستن و ھەر ئەو ھێزانەش وایانكردووە ڕێككەوتنی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال جێبەجێ نەكرێت.

باسی لەوەش کرد، گرووپە میلیشیاکان لە ناوچەکەدا لە چالاکییەکانی خۆیان بەردەوامن پلانی درێژخایەنیان هەیە کە لە ناوچەکەدا بمێننەوە، هەر ئەمەش وادەکات ئاوارەکان نەتوانن بۆ شوێنەکانی خۆیان بگەڕێنەوە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، ئەو گرووپانە لە ناوچەکەدا لە هەوڵی ناونووسکردنی خەڵکن بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە حەشدی شەعبییەوە بکەن و ببنە چەکداریان.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی ئاوارەکانەوە دەڵێت: عێراق فشار دەخاتە سەر ئاوارەكان بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان، لەکاتێکدا دەبێت گەڕانەوەکە بە بەرنامە بێت و خزمەتگوزاری و ئاسایش بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە.

Fly Erbil Advertisment