هەڵبژاردن لە چوار شارۆچکەی باکووری کوردستان و تورکیا دووبارە دەکرێتەوە

هەڵبژاردن لە چوار شارۆچکەی باکووری کوردستان و تورکیا دووبارە دەکرێتەوە
هەڵبژاردن لە چوار شارۆچکەی باکووری کوردستان و تورکیا دووبارە دەکرێتەوە

 

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان (YSK) بڕیاری دا هەڵبژاردن لە هەریەک لە شارۆچەکەکانی حیلوان و سیڤەرەکی سەر بە پارێزگای ئورفای باکووری کودستان و ئورگوپی نەڤشەهیر و پنارباشیی قەیسەریی تورکیا دووبارە بکرێتەوە.

دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکان (YSK)، بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاردان لەسەر سکاڵاکان کە لەلایەن پارتە سیاسییەکانەوە دژی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تۆمارکرابوون، کۆبووەوە.

لە قەزای پینارباشیی پارێزگای قەیسەری، پارتی ئۆپۆزسیۆن، جەهەپە ناڕەزایەتیی دەربڕی بەرامبەر بە بڕیاری دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان. داواکارییەکەی جەهەپە لەلایەن YSK ڕەتکرایەوە. بەمەش سەرلەنوێ هەڵبژاردن لەو شارۆچکەیە ئەنجام دەدرێت.

لە شارۆچکەی ئورگوپی سەربە پارێزگای نەڤشەهیریش دوای ئەوەی مەهەپە ناڕەزایەتیی بەرامبەر بە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەربڕی، بڕیار لەسەر دووبارە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان درا.

هاوکات لە هەردوو شارۆچکەی حیلوان و سیڤەرەکی سەربە پارێزگای ئورفای باکووری کودستان، بڕیار درا هەڵبژاردن دووبارە  بکرێنەوە. بەپێیڕرۆژژمێری هەڵبژرادنەکان، ڕۆژی 2ی حوزەیران هەڵبژاردن دووبارە دەکرێنەوە.

بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، 31-03-2024، هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا دەستی پێکرد؛ تەواوی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، جەهەپە پلەی یەکەمی گرتووە، پێش ئاکپارتی کەوتووە و سەدا 37.77ی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.

لە کۆی 30 گەورەشارەوانیی تورکیا و باکووری کوردستان، جەهەپە 14 گەورەشارەوانیی بەدەست هێناوە و بە دوو گەورەشارەوانیی زیاتر پێش پارتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کەوتووە کە ئاک پارتییە. لە هەردوو گەورە شارەوانیی ئەنقەرە و ئیستانبوڵ، کاندیدانی جەهەپە لە هەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتوون و سەرۆک شارەوانییەکانیان مسۆگەر کردووە.

هەرچی پەیوەستە بە پارتە کوردییەکانیش؛ دەم پارتی لە 10 شاری باکووری کوردستان پێشەنگە؛ شارەکان بریتین لە: ئیدیر، ئامەد، وان، سێرت، مێردین، دێرسم، ئێلیهـ، مووش، جۆلەمێرگ و ئاگری.

Fly Erbil Advertisment