چیک زیاتر لە ملیۆنێک گوللـە تۆپ بۆ ئۆکرانیا دابین دەکات

گوللـە تۆپ
گوللـە تۆپ

K24 - هەولێر

پیتەر فیالا، سەرۆکوەزیرانی چیک بەڵێنی بە کیێڤ داوە 1.5 گوللـە تۆپ بۆ هێزەکانی ئۆکرانیا کۆبکاتەوە لە چوارچێوەی "دەستپێشخەرییەکانی چیک بۆ کڕینی تەقەمەنی" بەمەرجێک پارەی پێویست لە لایەن هاوبەشەکانەوە گەرەنتی بکرێت.

 فیالا ئاماژەی بەوەشکرد، خۆشحاڵم کە ئێستا 20 وڵات بەشداری دەستپێشخەرییەکەمانی کردووە، لە کەنەدا، ئەڵمانیا و هۆڵەندا تا پۆڵەندا. بەهۆی ئەوانەوە ئێستا دەتوانین 500 هەزار گوللـە تۆپ دابین بکەین. هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی نەتوانین ملیۆنێکی دیکە بۆ ماوەی مانگێکی دیکە دابین نەکەین.

ئەو دەستپێشخەرییە کە لەلایەن پیتەر بافیل سەرۆکی چیکەوە لە میانی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشندا ڕاگەیەندرا، بۆ کڕینی سەدان هەزار مووشەک کە دەتوانرێت لە وڵاتانی دیکە هاوردە بکرێت و بەخێرایی بگوازرێتەوە بۆ ئۆکرانیا، بەمەرجێک گەرەنتی دارایی پێویست لە لایەن هاوبەشەکانەوە لەبەردەستدا بێت.

 پێشتر ڕۆژنامەی "پۆلیتیکۆ" نووسیبووی، کۆماری چیک داوا لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەکات 450 هەزار گوللـە تۆپ لە وڵاتانی دەرەوەی یەکێتییەکە بکڕن، لەوانە کۆریای باشوور و تورکیا و ئەفریقای باشوور، بۆ جێبەجێکردنی پابەندبوونی ئەوروپا بۆ دابینکردنی یەک ملیۆن گوللـە تۆپ بۆ ئۆکرانیا تا مانگی ئاداری داهاتوو.

 ڕووسیا چەندین جار ئاماژەی بەوە کردووە کە دابینکردنی چەک بە ئۆکرانیا تەنیا دەبێتە هۆی وێرانکاری زیاتر و وڵاتانی ناتۆ دەکاتە لایەنێکی ڕاستەوخۆی ململانێکان.

Fly Erbil Advertisment