هاوڕێ کەمال: فۆڕمی هەڵسەنگاندنی ئەو بڕوانامانەی بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتوون تەنیا لەلایەن دیوانی وەزارەت و دەستەکان پڕدەکرێتەوە

د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری
د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە گشت وەزارەت و فەرمانگە نەبەستراوەکان بە وەزارەت دەکات، فۆڕمی پۆلێنکردنی هەڵسەنگاندنی ئەو بڕوانامانەی بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتوون، پڕبکەنەوە و ڕاوێژکارێکی وەزارەتیش ڕایگەیاند، ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بڕوانامەی ساختە دەگرنەبەر.

دوای ئەوەی نووسراوی ژمارە (1170) لە (30ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووریی داوای داتا و زانیاری ئەو بڕوانامانەی کرد کە لەلایەن فەرمانبەرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتوون، لە نووسراوێکی نوێدا کە واژۆی ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەر بە ژمارە (4216) لە (22ـی نیسانی 2024)، داوای پڕکردنەوەی فۆڕمی پۆلێنکردنی هەڵسەنگاندنی ئەو بڕوانامانەی بەبێ مۆڵەتی خوێندن، دەکات.

لەوبارەیەوە، ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) د. هاوڕێ کەمال، ڕاوێژکاری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەپێی ئەو نووسراوەی وەزارەتی دارایی ئەوەی بڕوانامەی ساختە بێت بە پێی یاسا ڕێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر و هیچ پەیوەندی بەم پڕۆسەیەوە نییە.

هاوکات د. هاوڕێ کەمال ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فەرمانبەرانەی ئێستا بەبێ مۆڵەتی خوێندن لە نێو پڕۆسەی خوێندندان، بە هەمان شێوە پەیوەندییان بەم پڕۆسەیەوە نییە، چونکە لە فەرمانی لیژنەکە هاتووە پۆلێنکردن و هەڵسەنگاندنی بڕوانامە بەدەستهاتووەکان، واتە ئەبێت بڕوانامەکە بەدەستهاتبێت ئینجا دەچێتە نێو پڕۆسەی پۆلێن و هەڵسەنگاندنەوە.

هەروەها ئەو ڕاوێژکارەی وەزارەتی دارایی گوتیشی: "پێویستە فەرمانبەران لە ڕێگەی دیوانی وەزارەت و دەستەکانەوە ئەم فۆڕمە پڕ بکەنەوە لەبەر دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی زانیارییەکان".

لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمەکەش لەلایەن فەرمانبەرانەوە، د. هاوڕێ کەمال ئاماژەی بەوەکرد: "پێویستە فەرمانبەران لە رێی دیوانی وەزارەت و دەستەکانەوە ئەم فۆڕمە پڕبکەنەوە لەبەر دڵنیابوون لە ڕاستی و دروستی ناسنامەی فەرمانبەر و زانیارییەکان و هەر فەرمانبەرێک ڕاستەوخۆ فۆڕمەکە پڕ بکاتەوە ئەوە سیستمەکە لایدەبات و تەنیا ئەو زانیاریانە وەردەگرێت کە لە رێی دیوانەکانەوە بە ئیمێڵی تایبەتی خۆیان داخلی دەکەن و ئەو ئیمێڵانە لای وەزارەتی دارایی داخلی سیستمەکە کراوە".

دەستپێکردنی ئەو ڕێکارانەش دوای ئەوە هات کە ڕۆژی (29ـی کانوونی دووەمی 2024) ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبونەوەی لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە بڕوانامەکانی کرد کە لە دەرەوەی مۆڵەتی خوێندن لە نێوان ساڵانی 2013 تاوەکو 2019 بەدەست هاتوون و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا گشتاندنی تایبەت بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بکرێت بە مەبەستی ئەوەی لەڕووی زانستی، کارگێڕی، دارایی و یاساییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و دواتر بە ڕاپۆرتێک بەرزبكرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران تا بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.

نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی
نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی
Fly Erbil Advertisment