وەزارەتی دارایی لەبارەی ئەو بڕوانامانەی کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەستهاتوون بڕیارێك دەردەکات

K24 – هەولێر:
وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی لێژنەی پێداچوونەوە بە بڕوانامەکانی کرد کە بەبێ مۆڵەتی خوێندن بەدەست هاتوون، تێیدا بڕیاردرا گشتاندنی تایبەت بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکان لە بارەی ئەو پرسەوە بکرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە (29ـی کانوونی دووەمی 2024) وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبونەوەی لێژنەی باڵای پێداچوونەوە بە بڕوانامەکانی کرد کە لە دەرەوەی مۆڵەتی خوێندن لە نێوان ساڵانی 2013 تاوەکو 2019 بەدەست هاتوون.
لە راگەیەندراوەکە هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا گشتاندنی تایبەت بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەت بکرێت بە مەبەستی ئەوەی لەڕووی زانستی، کارگێڕی، دارایی و یاساییەوە هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت و دواتر بە راپۆرتێک بەرزبكرێتەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران تا بڕیاری پێویستیان لەبارەوە بدرێت.