کونسوڵی گشتیی ئیتالیا بۆ کوردستان24: هانی لایەنەکان دەدەین بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:
کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر ئاشکرا کرد.
ڕۆژی دووشەممە (29ـی نیسانی 2024) میکێلی کامێرۆتا، کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر ڕایگەیاند: "هەڵوێستی ئیتالیا دەربارەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان زۆر سادەیە، ئێمە هەمان هەڵوێستی وڵاتانی هاوشێوە و هاوبەشەکانمان هەیە. باڵیۆزی ئیتاڵیاش لە بەغدا، مۆریتسۆ گریگانتی زۆر بە ڕوونی ئاماژەی بەوەداوە هەڵوێستی ئێمە ئەوەیە، هانی لایەنەکان دەدەین و لێرەین پشتیوانی لە هەڵبژاردن و دەسەڵاتەکان بکەین بۆ ئەوەی هەرچی زووە هەڵبژاردن بکرێت. هەموومان دەزانین ئەمە لە بەرژەوەندی هەرێمەکەیە".
میکێلی کامێرۆتا باسی لەوەشکرد: "ئەمە کاری ئێمە نییە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی هەرێم و هیچ وڵاتێکی خاوەن سەروەری بکەین. هیواخوازین بە زووترین کات هەڵبژاردن بکرێت، چونکە ماوەیەکە دواکەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، بێگومان ئێمە ئەم پرسە بۆ لایەنە سیاسی و پەیوەندیدارەکان جێدەهێڵین بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزنەوە".
هاوکات لەبارەی هێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، کونسوڵی گشتیی ئیتالیا لە هەولێر ئاماژەی بەوەکرد: "کێشەکان زۆر ئاڵۆزن، بەڵام وەڵامەکەی لای من زۆر ئاسانە. بێگومان ئیتالیا هاوشان لەگەڵ هەموو وڵاتانی هاوشێوەمان بە توندی سەرکۆنەی هەر جۆرە هێرش و توندوتیژییەک بۆ سەر سەروەری هەر وڵاتێک دەکەین. بۆیە، بێگومان نیگەرانین له رووداوەکان و هیواخوازین خەڵکی خۆجێیی باجێکی گەورە نەدات بەهۆی لێککەوتەکان و وێستگەکانی کارەبا".
ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) هێرشێکی درۆنی کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و لە ئەنجامدا چوار کارمەندی یەمەنی کێڵگە کوژران و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ئەمەش دووەم هێرشی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بوو لەمساڵدا.
دوای هێرشەکەش، هەردوو وەزارەتی کارەبا و سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاگادارییەک بۆ هاوبەشانی کارەبا ئاماژەیان بەوەکرد: "بەهۆی هێرشێکی درۆنی بۆ سەر کێلگەی کۆرمۆر، ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و بەهۆیەوە نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە".
لەلایەن خۆشیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەستی خراپەکاری و تێکدەرانە جارێکی دیکە لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا کێڵگەی غازی کۆرمۆریان کردە ئامانج کە بەداخەوە تا ئێستا چوار کارمەندی یەمەنی شەهیدبوون، جگە لەوەش زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوتووە، کە ئەم زیانەش کاریگەری دەبێت لەسەر کەمبوونەوەی کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو.