یەكێتیی نێودەوڵەتیی سەندیکاکانی کرێکاران: زۆرترین مافی کرێکاران لە عێراق پێشێل دەکرێت

ژمارەیەک کرێکار لە عێراق
ژمارەیەک کرێکار لە عێراق

K24 - هەولێر

لە کۆی شەش ملیۆن کرێکاری عێراقی، تەنها نزیکەی 400 هەزاریان دەستەبەرکراون. یەكێتیی نێودەوڵەتیی سەندیکاکانی کرێکارانیش دەڵێت، عێراق یەکێک لەو وڵاتانەی زۆرترین مافی کرێکارانی تێدا پێشێل دەکرێت.

مافی کرێکارانی عێراق، لەنێوان بەرداشی مەینەتی ژیان و داهاتوویەکی نادیاردایە. سەرەڕای بەزەحمەت دەستکەوتنی کار، زۆریی کاتی کارکردن و کەمیی داهاتی ڕۆژانە، نەبوونی دەستەبەری کار و گەرەنتیی پاراستنی گیان و داهاتوویان، هەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ سەر ژیان و بژێوی کرێکارە عێراقییەکان.

لە عێراق زیاتر لە 10 ملیۆن کەس هەن لە تەمەنی کارکردندان، لەوانە چوار ملیۆنیان فەرمانبەر و شەش ملیۆن کرێکارن، لەنێو ئەو 6 ملیۆن کرێکارەدا، تەنها نزیکەی 400 هەزاریان لەلایەن حکوومەتەوە دەستەبەر کراون، واتا زیاتر لە سەدا 94ـی ئەو کرێکارانە بێ دەستەبەرن و داهاتوویەکی نادیار چاوەڕوانیان دەکات.

بە گوێرەی دوایین ڕاپۆرتی ساڵانەی یەكێتیی نێودەوڵەتیی سەندیکاکانی کرێکاران، لە کۆی 149 وڵاتی جیهان، عێراق لە پلەی سێیەم خراپترینەکاندایە و یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین مافی کرێکارانی تێدا پێشێل دەکرێت.

شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن، مافی کرێکاران لە عێراق لەگەڵ ئەوەی ئاسان پێشێل دەکرێت، بایەخی پێویستیشی پێ نادرێت، چونکە ڕۆژانە کرێکارە عێراقییەکان ڕووبەڕووی مامەڵەی خراپ، هەڵاواردن و هەڕەشەی دەرکردن لە کار دەبنەوە.

 باس لەوەش دەکەن، زۆرجار کۆمپانیاکان خۆیان لە تۆمارکردنی کارمەندەکانیان لە سندووقی دەستەبەری کۆمەڵایەتیدا بەدوور دەگرن، ئەمە کرێکارەکانی لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەش کردووە.

Fly Erbil Advertisment