بەهۆی باران و لافاو لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان پشوو ڕاگەیەندرا

K24 - هەولێر

بەهۆی لێزەمە باران  و لافاو لە چەند پارێزگایەکی تورکیا و باکووری کوردستان پشووی فەرمی ڕاگەیەندرا و ناوەندی کەشناسی تورکیاش هۆشداریی لە شەپۆلێکی دیکەی بارانی بە خوڕ دەدات.

بەگوێرەی ئاژانسی فەرمیی تورکیا، لە ئەدەنە و هاتای بارانی بەلێزمە بووەتە هۆی هەستانی لافاو، لە هەندێک شوێن ئاو پەنگیخواردووە، هاوکات لە خارپێت، ئەرزەرۆم و ئەرزنگان شەقامەکان بەهۆی پەنگخواردنی ئاوەوە گشت جووڵەیەکی پەکخستووە.

هەروەها بەهۆی ترس لە ڕوودانی لافاو لە هاتای ڕۆژێک پشووی فەرمی بۆ تەواوی ناوەندەکانی خوێندن ڕاگەیەندراوە.

کەشناسی هۆشداری داوە و ڕایگەیاندووە، بەگوێرەی پێشبینییەکان ئەمڕۆ دووشەممە 13ی ئایاری 2024، شەپۆڵیکی بەخوڕی باران باکووری کوردستان دەگرێتەوە و مەترسی هەستانی لافاو دەکرێت.

لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری، هاتای مستەفا مەسەتلی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی پارێزگاکەی لە سەنتەری هەماهەنگی ئافاد ڕایگەیاندووە، لەو ناوچانەی بەهۆی لێزمە باران و دروست بوونی لافاوە، ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان گیریان خواردبوو، تیمەکانی بەرگری شارستانیی و فریاکەوتن بە هانایانەوە چوون و ڕزگاریان کردوون.

ڕاشیگەیاندووە، بۆ پاراستنی گیانی ئەو هاووڵاتییانەی ئاو چۆتە ماڵەکانیان شوێنی بە پەلەی حەوانەوەیان بۆ ئامادەکراوە و ڕاگوێزراون.

لەلایەکی دیکەوە محەممەد ئۆنتورک، سەرۆکی شارەوانی بیوکشەهیر ڕایگەیاندووە، هەموو ئەگەرێکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکە لەبەرچاو گرتووە، هەربۆیە تەواوی تیمەکانی تەندروستی، بەرگریی شارستانی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەئان بە تەواوی ئامێر و پێویستییەکانەوە خستووە ئامادەیی.

Fly Erbil Advertisment