سامان سۆرانی: دیدگەی هەولێر و بەغدا لەبارەی کارەکانی یۆنامی جیاوازە

سامان سۆرانی، پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان
سامان سۆرانی، پسپۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان

K24 – هەولێر:

پسپۆرێکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، رایدەگەیەنێت، نەمانی ئەرکی یۆنامی لە عێراق لە بەرژەوەندیی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانە، هەروەها دیدگەی هەولێر و بەغدا لەبارەی کارەکانی یۆنامی جیاوازە.

سامان سۆرانی، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 گوتی: ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بڕیاری ژمارە (1500) لە ساڵی 2003 یۆنامی لە عێراق دامەزرا، حکوومەتی ئەو کاتی عێراق خواستی ئەوە بوو یۆنامی لەو وڵاتە دەست بەکار بێت.

ئەو پسپۆرەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت: لە ماوەی 21 ساڵدا یۆنامی لە عێراق هەوڵی داوە ببێتە ڕاوێژکار و هاوکارێک بۆ ئەوەی عێراق بەرەو سەقامگیریی و ئاشتەوایی بڕوات.

ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی عێراق نامەیەکی ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان کردوو بۆ ئەوەی کۆتایی بە کارەکانیان بهێنن لە عێراق، ئەم داواکارییەش خواستێکی عێراقییە، بەڵام خواستێکی عێراقی گشتگیر نییە.

ناوبراو باسی لەوەش کرد، هێشتا عێراق سەقامگیر نییە بۆ ئەوەی پێویستی بە یارمەتی یۆنامی نەبێت، بەڵام نەمانی ئەرکی یۆنامی لە عێراق لە بەرژەوەندیی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانە، هەروەها دیدگەی هەولێر و بەغدا لەبارەی کارەکانی یۆنامی جیاوازە.

سامان سۆرانی، لەبارەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر دۆخی عێراق و ڕاپۆرتی جینین پلاسخارت، روونی کردەوە؛ پلاسخارت جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە وادەیەکی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری بکرێت و پێکهاتەکانیش بتوانن بەشداری تێدا بکەن.

لەبارەی مەترسییەکانی نەمانی یۆنامی لە عێراق و کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان، ئەو پسپۆرەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، گوتی: یۆنامی هەمیشە هاوکار بووە لە نزیکبوونەوەی لایەنەکان و دروستکردنی ئاشتەوایی لە نێوان هەولێر و بەغدا.

Fly Erbil Advertisment