حووسییەکان خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی سەربازی ئامادە دەکەن

K24 – تەعز:
حووسییەکان خۆیان بۆ قۆناغی چوارەمی پەرەسەندنی سەربازیی لە دژی جووڵەی دەریایی ئامادە دەکەن، شارەزایانیش پێیان وایە ئەم هەنگاوە مەترسیی بۆ سەر ئاسایش یەمەنە و ناوچەکە چەند هێندە دەکات، بەرپرسێکی وەزارەتی بەرگریی یەمەنیش تایبەت بە کوردستان24 دەڵێت: حووسییەکان، غەززە وەکو پاساوێک بەکاردەهێنن و ئامانجیان تەنیا گەلەکۆمەی سەربازیی خۆیانە.
حووسییەکان قۆناغێکی نوێی پەرەسەندن لە دژی جوڵەی دەریاوانی دەست پێ دەکەن و هەڕەشەی هێرشکردنە سەر هەموو ئەو کەشتییانە دەکەن کە لە دەریای ناوەڕاستەوە روو لە ئیسرائیل دەکەن، لە ماوەی رابردوودا حووسییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ئەو کەشتییانەی بە دەریای سوور، عەرەبی و زەریایی هینیدیدا گوزەریان کردووە.
عەبدولواسع ئەلڤاتیکی، شڕۆڤەکاری سیاسی دەڵێت: "بەداخەوە بژاردەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی تا بڵێی لاوازن و لە ئاست هەڕەشەی مەترسیداریی حووسییەکان بۆ سەر جوڵەی دەریاوانیی نین، کاردانەوەکان تەنیا سەرکۆنە و نیگەرانیی دەربڕینن، ئێستا حووسییەکان بە ڕوونی ئەوەیان دەربڕیووە چ هەڕەشەیەکن بۆ سەر ئاسایشی نێودەوڵەتیی، بۆیە پێویستە کاردانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە ئاستی هەڕەشەکاندا بێت".
وێڕای هەڕەشە نێودەوڵەتییەکانیش، پڕۆسەی فراوانیی دامەزراندن لە لایەن حووسییەکانەوە بەردەوامە، بە شێوەیەک لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا نزیکەی 300 هەزار چەکداریان لە نێو ڕیزەکانیان دامەزراندووە، ئەمەش وای لە حکوومەت کردووە دڵنیابێت لەوەی حووسییەکان خۆیان بۆ قۆناغێکی نوێی شەڕ لە دژی یەمەنییەکان ئامادە دەکەن.
لای خۆیەوە عەبدولڕەحمان ئەلیوسفی، بەرپرس لە راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی یەمەن، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند،
"ئاڵۆزترکردنی بارودۆخ و بەکارهێنانی رووداوەکانی غەززە لە لایەن حووسییەکانەوە ئامانجێکی ناوخۆیی لە پشتەوەیە، ئەوان مەبەستیان گەلەکۆمەی سەربازیی و درێژەدانە بە شەڕ و کوشتار لە بەرانبەر یەمەنییەکان، چونکە ئەم میلیشیایانە لەسەر شەڕ دەژین".
لە سەروبەندی بەردەوامیی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاشتی لە یەمەن، حکوومەت پێی وایە حووسییەکان دەستیان بە بژاردەی سەربازییەوە گرتووە و پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی چاوخشاندنەوەیەک بە رێگەی کۆتاییهێنانی شەڕی یەمەندا بکات.