مەسرور بارزانی: چاوەڕێی سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێرانمان بۆ هەولێر دەکرد

لێدوانی ڕۆژنامەوانیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: کوردستان24)
لێدوانی ڕۆژنامەوانیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان (وێنە: کوردستان24)

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی سەرککۆماری ئێران و هاوەڵانی "دڵگران و نیگەرانی کردین". دەشڵێت، چاوەڕێی سەردانەکەی سەرککۆماری ئێران بوون، بۆ هەولێر. 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 21-05-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر، بەشداریی پرسەی ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئێران، حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و هاوەڵەکانیانی کرد.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ئێمە هاتووین بۆ ئەوەی هاوخەمیی خۆمان، پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان لە ڕێگەی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ئاراستەی ڕابەرایەتی، سەرۆکایەتی، حکوومەت و گەلی ئێران بکەین و هیوداراین ئەمە دوا ناخۆشی گەلی ئێران بێت".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هیواشی خواست، "ئەم ڕووداوانە ببنە دەرفەتێک بۆ ئەوەی گەلان لە یەکتر نزیک ببن و هەموومان بتوانین پەیوەندیی باشتر لەگەڵ یەکتر دروست بکەین".

وەکو ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی کرد، "ئێمە چاوەڕێ بووین دوای چەند ڕۆژێکی دیکە پێشوازیی لە سەرۆککۆماری ئێران بکەین بۆ هەولێر لە چوارچێوەی ئەو سەردانەی بەنیاز بوو بۆ عێراق بیکات، بەڵام بەداخەوە ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە هاتە پێشەوە کە بووە هۆی گیان سپاردنی بەڕێزان سەرۆککۆمار، وەزیری دەرەوە و هەموو هاوڕێیانیان. ڕووداوەکە دڵگران و نیگەرانی کردین".

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی ئایاری 2024، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری كۆچكردووی ئێران و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوە و یاوەرانیان بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن.

Fly Erbil Advertisment