مونا قەهوەچی: هەوڵی زیادکردنی کورسییەکانمان دەدەین

K24 – هەولێر:
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، جەخت لە بەشداریی تورکمان لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکاتەوە، هاوکات دەڵێت: پێویستە پێداچوونەوە بە چۆنییەتی دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان بکرێت.
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، لەمیانەی کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: داواکارین کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق پێداچوونەوەیەک بە بڕیارەکەی خۆی بکات و ژمارەی کورسیی بۆ پێکهاتەکان زیاد بکات و دابەشی سەر چەند بازنەیەکیان نەکات.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، ئاماژەی بەوەدا، پێویستە هەڵبژاردنێک بێتە کایەوە کە سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بێت و سەرجەم پێکهاتەکانیش بەشداریی کارایان پێبکرێت لە پەرلەمانی کوردستان.
هاوکات دەڵێت: هیچ دادپەروەرییەک لەو دابەشکرنەی کورسیی پێکهاتەکان نییە و، لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین و داوا لە کۆمیسیۆن دەکەین پێداچوونەوە بە بڕیاری دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان بکاتەوە.
جەختی لەوەش کردەوە، بەشداریی لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دەکەن، بەو مەرجەی پێداچوونەوە بکرێت بە چۆنییەتی دابەشکردنی کورسیی پێکهاتەکان.
ئەمڕۆ سێشەممە (21ـی ئایاری 2024) دادگەی فیدراڵیی عێراق بڕیارەکەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردنەکانی پەسەند کرد، بەپێی دەقی بڕیارەکە پێنج کورسییەکەی پێکهاتەکان بەسەر پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش دەکرێن.
پێشتر دادگەی فیدراڵیی بڕیاردا بوو ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ 100 کورسی کەم بکاتەوە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بە بشتبەستن بەو بڕیارە کورسییەکانی بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکانی هەرێمی کورستاندا دابەش کردبوو: هەولێر، 34 کورسی، سلێمانی 38، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ کورسی.