کونسوڵگهری گشتیی قەتەر لە هەولێر دەکرێتەوە

شاندێکی قەتەر سەردانی هەولێر دەکەن و بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە.
هەڵگورد ساڵەیی ڕاوێژکاری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حكوومهتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمشەو شاندێکی قەتەر بە سەرۆکایەتی دکتۆر ئەحمەد حەسەن ، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، دەگاته فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێدەکرێت.
گوتیشی: سەردانەکە بەمەبەستی برەودان بە پەیوەندیەکانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ میرنشینی قەتەر و ئەنجامدانی چەند دیدارێک لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم ، هاوکات کردنەوەی کونسوڵگەری گشتی دەوڵەتی قەتەر بە شێوەی فەرمی.
ههڵگورد ساڵهیی راشیگەیاند، بڕیارە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 26/5/2024، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە، ئەمەش گرنگی دەبێت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر، لەسەرجەم بوارەکاندا.