عێراق بەنیازە گەنم هەناردە بکات

دروێنەی گەنم لە کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
دروێنەی گەنم لە کێڵگەیەکی هەرێمی کوردستان (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی عێراق لە پێدوایستیی ناوخۆ زیاترە، بۆیە وەزارەتی بازرگانیی بەنیازە نزیکەی یەک ملیۆن تۆن گەنم هەناردەی دەرەوە بکات, یان بیداتە کارگە و ئاشەکان بۆ ئەوەی ئاردی سفری لێ بەرهەم بهێنن. 

حەیدەر کەرعاوی، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی دانەوێڵە کە بەشێکە لە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانی ساڵانەی کشتوکاڵ، ئەمساڵ حکوومەتی فیدراڵی نزیکەی پێنج ترلیۆن و 800 ملیار دیناری بۆ نزیکەی شەش ملیۆن تۆن گەنمی جووتیاران تەرخان کردووە.

بە گوتەی کەرعاوی، تاوەکوو ئێستا، لەو پێنج ترلیۆن و 800 ملیار دینارە، دوو ترلیۆن و 500 ملیار دینار بۆ کۆمپانیای گشتیی بە بازاڕکردنی دانەوێڵە گواستراوەتەوە و کۆمپانیاکەش پارەکەی بەسەر پارێزگەکانی باشووردا دابەش کردووە بەو پێیەی ئەوان یەکەم پارێزگە بوون گەنمی ئەمساڵی جووتیارانیان وەرگرتووە.

وەک بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە باسی کرد، وەزارەتی بازرگانیی عێراق کار بۆ هەناردەکردنی بەشێکی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵی جووتیاران دەکات، بەو پێیەی پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم بگاتە سەرووی حەوت ملیۆن تۆن و عێراقیش بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، پێویستی بە نزیکەی شەش ملیۆن تۆنە، بۆیە بەنیازن ئەو ملیۆن تۆنەی دەمێنێتەوە، هەناردەی دەرەوەی بکەن یان لەناوخۆدا بیدەنە کارگە و ئاشەکان بۆ ئەوەی ئاردی سفری لێ بەرهەم بهێنن و پێویستییان بەوە نەبێت ئارد لە دەرەوە هاوردە بکەن.

پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان پەسەند نەکراوە

ساڵی ڕابردوو، حکوومەتی عێراق تەنها 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ ئەو بڕە گەنمەی مابووەوە، بە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆییەوە لە جووتیاران کڕدرا.

بەپێی داتا کۆکراوەکان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندراوە. حکوومەتی عێراقیش بۆ هەر تۆنێک گەنم، 850 هەزار دینار دیاری کردووە.

ڕۆژی پێنجشەممە، 23-05-2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دوو پێشنیازی وەزارەتەکانی کشتوکاڵ و بازرگانیی عێراقیان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەت کردووەتەوە. وەکو خۆی گوتی، وەزارەتی کشتوکاڵ پێشنیازی کردبوو 576 هەزار تۆن و وەزارەتی بازرگانییش پێشنیازی کردبوو 605 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگیرێت، بەڵام هەردوو پێشنیازەکەیان ڕەتکردووەتەوە.

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەی خستەڕوو، "بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی فوئاد حوسێنەوە نووسراوێکی بۆ وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیاران پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. وەڵامەکەی سوودانی ئەرێنی بووە و نووسراوێکی بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکە ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵی فیدراڵی کردووە. پێویستە جووتیارانمان گەشبین بن لەم ڕۆژانەدا بڕێکی زۆر باشی گەنمەکەیان وەردەگیرێت بە شێوەیەک زیاتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو".

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، "چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا لێژنەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندەکەی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئیمزا بکەین و دەرگای سایلۆکان بکەینەوە".

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ساڵانە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکڕێتەوە. ساڵی رابردوو (2023)، لە هەر سێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی نزیکەی 500 هەزار تۆنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی کڕی و بۆ هەر تۆنێک بڕی 850 هەزار دینار دیاری کرابوو.

Fly Erbil Advertisment