بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ: دوو پێشنیازی بەغدامان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ڕەت کردووەتەوە 

kurdistan24.net

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، دوو پێشنیازی حکوومەتی عێراقیان بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ڕەت کردووەتەوە. ئاماژە بەوەش دەدات، ئەمساڵ بە هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گەنمی زیاتر لە جووتیاران وەردەگیرێت.

دوو پێشنیازەکەی حکوومەتی عێراق بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23-05-2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند،  "ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، لیژنەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق هەبوو؛ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی پێشنیازی کرد، ئەمساڵ تەنها 576 هەزار تۆن گەنمی جووتیاران وەربگیرێت، بەڵام ئێمە ئەو پێشنیازەمان ڕەت کردەوە".

ساڵی ڕابردوو حکوومەتی عێراق تەنها 500 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی وەرگرت؛ ئەو بڕە گەنمەی مابووەوە، بە هەوڵەکانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەلایەن ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆییەوە لە جووتیاران کڕدرا.

کەریم سلێمان گوتی، "لە لایەکی دیکەوە وەزارەتی بازرگانیی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئەمساڵ لە نۆ پارێزگای عێراق دروێنەی گەنمیان کردووە، لە دەرئەنجامدا بۆیان دەرکەتووە، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرهەمی گەنم سەدا 21 زیادی کردووە، بۆیە پێشنیازی کرد، پشکی هەرێمی کوردستانیش لە وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی عێراق، سەدا 21 زیاد بکرێت و لە جیاتی 500 هەزار تۆنەکەی ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ 605 هەزار تۆن لە جووتیاران وەربگیرێت، بەڵام ئێمە ئەم پێشنیازەشمان ڕەت کردەوە".

هەوڵەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیاران

بە گوتەی کەریم سلێمان، لەو کاتەوەی لیژنەکە لە بەغدا بووە، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەردەوام لەسەر هێڵ بووە لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ ئەوەی هەموو هەوڵێک بدرێت، تەواوی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگیرێت.

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەی خستەڕوو، "بە ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی فوئاد حوسێنەوە نووسراوێکی بۆ وەرگرتنی تەواوی گەنمی جووتیاران پێشکەشی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە. وەڵامەکەی سوودانی ئەرێنی بووە و نووسراوێکی بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکە ئاراستەی وەزیری کشتوکاڵی فیدراڵی کردووە. پێویستە جووتیارانمان گەشبین بن لەم ڕۆژانەدا بڕێکی زۆر باشی گەنمەکەیان وەردەگیرێت بە شێوەیەک زیاتر دەبێت لە ساڵی ڕابردوو".

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش کرد، "چاوەڕێ دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا لیژنەی بە بازاڕکردنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندەکەی وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق کۆ ببێتەوە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنی کۆتایی لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ئیمزا بکەین و دەرگای سایلۆکان بکەینەوە".

"کێشەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی چارە دەکرێت"

لەلایەن خۆیەوە د. زێدە محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ئەو نووسراوەی سەرۆکوەزیران محەممەد شیاع سوودانی پێشکەشی وەزیری کشتوکاڵی عێراقی کردووە، پەسەند بکرێت و بچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، "کێشەی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی چارە دەکرێت". 

بەڕێوەبەری گشتیی پلان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر نووسراوەکەی سوودانی جێبەجێ بکرێت، بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ دوو هێندە زیاتر گەنم لە جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت "واتا نزیکەی هەزار تۆن گەنم". 

پێشتر بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو، بۆ ئەمساڵ قبووڵی ناکەن بە ڕێژە مامەڵە لەگەڵ جووتیاران بکرێت و دەبێت سەرجەم گەنمەکەیان وەربگیرێت.

850 هەزار دینار بۆ هەر تۆنێک گەنم دیاریکراوە

بەپێی داتا کۆکراوەکان، ئەمساڵ دوو ملیۆن و 900 هەزار دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە گەنم داچێندراوە. حکوومەتی عێراقیش بۆ هەر تۆنێک گەنم، 850 هەزار دینار دیاری کردووە.

وەزارەتی بازرگانیی عێراق ساڵانە گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دەکڕێتەوە. ساڵی رابردوو (2023)، لە هەر سێ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی نزیکەی 500 هەزار تۆنی بەرهەمی گەنمی جووتیارانی کڕی و بۆ هەر تۆنێک بڕی 850 هەزار دینار دیاری کرابوو.