بەشار مەتی وەردە: ئێمە لە کوردستان لە ئاشتی و سەلامەتیی دەژین

بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەسقافەی کلدانی لە هەولێر
بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەسقافەی کلدانی لە هەولێر

سەرۆکی ئەسقافەی کلدانی لە هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، زیاتر لە ملیۆن و نیوێک کریستیان عێراقیان بەهۆی تیرۆر و توندوتیژییەوە بەجێ هێشت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە ئاشتی و ئارامی بە سەلامەتیی دەژین.

رۆژی دووشەممە(27ـی ئایاری 2024)، بەشار مەتی وەردە، سەرۆکی ئەسقافەی کلدانی لە هەولێر بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد،  کریستیانەکان بەهۆی ئارامی و سەقامگیریی هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، دەشڵێت، سازکردنی کۆنفراسی باری کەسیی کریستیانەکان لە هەولێر مانایەکی قوڵی هەیە لە ناوچەکە.

گوتی، کۆنفرانسەکە بۆ ئەوەیە یارمەتیی دادوەران و پسپۆرانی یاسایی بدات لە دەرکردنی یاساییەکی باری کەسیی بۆ کریستیانەکان، ئێمە لە وڵاتێکی ئیسلامی دەژین، لە سەرەتای ئیسلامەوە ماف بە ئایینەکان دراوە، ئێمە لە دەستووری عێراق ئەو مافەمان پێدراوە، بەڵام بە چەند هۆکارێك ئەو مافە جێبەجێ نەکراوە، کەچی ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێم لە کۆنفرانسەکە مانای ئەوەیە پشتیوانی لەو جۆرە کۆبوونەوانە دەکات.

بەشار مەتی وەردە گوتی، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لەماوەی 30 ساڵی رابردوودا ژمارەی کریستیانەکان کەم بوەتەوە، دەڵێت، ملیۆنێک و نیو کریستیان عێراقیان جێ هێشتووە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بە سەلامەتیی و لە ئاسایشدا دەژین، گوتی، ئێمە لە کوردستان کار و پیشە و زانکۆ و قوتابخانە و کاری زۆرمان هەیە لەگەڵ کڵێسا، ئەوە مانای ئەوەیە ئێمە داهاتووی باشمان هەیە لە کوردستان.

گوتی، مێژووێکی دوورودرێژمان لە پێکەوە ژیان هەیە لە کوردستان، ئەو مێژووە سەلماندوویەتی کێ ڕاستگۆیە، ئێمە لە هەولێر گەشە دەکەین، داوا دەکەین هەمووان وەبەرهێنان  لەو وڵاتە بکەن، ئێمە ڕەگ و ڕیشەمان هەیە لەگەڵ کورد.

سەردانەکەی پاپا بۆ هەولێر بۆ پشتگیریی لە کریستیانەکان بوو، هاوکات پەیامێک بوو بۆ جیهان کە کریستیانەکان لەو ناوچەیە بەرەو پێشەوە دەچن.

Fly Erbil Advertisment