گەورەترین گۆڕی قوربانیانی دەستی داعش لە نەینەوا هەڵدەدرێتەوە

حکوومەتی عێراق داوای پشکنینی DNA لە کەسوکاری قوربانییان دەکات

دوای 10 ساڵ چاوەڕوانی گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی عه‌لۆ عه‌نته‌ر له‌ سنووری شارۆچکەی ته‌له‌عفه‌ر لە دەشتی نەینەوا هەڵدەدرێتەوە و هاووڵاتییانی ئێزدی چاویان لە سەر ئەو گۆڕەیە بۆ ئەوەی بە ڕوفاتی زۆرینەی قوربانییەکانیان شاد بنەوە، ڕاوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای پشکنینی دی ئێن ئەی لە کەسوکاری قوربانییان دەکات بۆ ئەوەی ڕوفاتەکان بناسرێنەوە.

گەورەترین گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانییانی دەستی چەکدارانی داعش لە نزیک شارۆچکەی تەلەعفەر هەڵدەدرێتەوە و بەشێکی زۆری هاووڵاتییانی ئێزدی کە تاوەکوو ئێستا ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی خێزانەکانیان چارەنووسیان نادیارە بە جلی ڕەش و گریانەوە دەوری چاڵی عەلۆ عەنتەریانداوە کە مەزندە دەکرێت زۆرترین هاووڵاتییانی ئێزدی لەو چاڵەدا کۆمەڵکوژرابن.

نسۆ ئلیاس خۆی کە یەکێک بووە لە ڕفێندراوەکان و لە سووریا لە دەستی چەکدارانی داعش ڕزگارکراوە، ژمارەیەکی زۆر لە کەسوکار و بنەماڵەکەی تاوەکوو ئێستا چارەنووسیان نەزانراوە و دەڵێ: سەرەتا لە تەلەعفەر دەست بەسەربووین دواتر گواستراینەوە مووسڵ هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەم زیندوو بوون پاش نۆ مانگ ئێمەیان لە یەکتری جیاکردەوە و ئێمەیان بردە سووریا و تاوەکوو ئێستاش چارەنووسی گەنج و پیاو و پیرەکانمان نازانین.

کەسوکاری قوربانییانی ئێزدی بە دیار هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی چاڵی عەلۆ عەنتەر
کەسوکاری قوربانییانی ئێزدی بە دیار هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی چاڵی عەلۆ عەنتەر

چاڵی عەلۆ عەنتەر یەکێکە لە گەورەترین گۆڕە بە کۆمەڵەکانی تاوانکارییەکانی داعش دەسەڵمێنێت کە لەو ماوەیەی کۆنترۆڵی پارێزگای نەینەوای کردبوو زۆرترین تاوانی گولـلەبارانکردنی هاووڵاتییانی تێداکردووە، کەسوکاری قوربانیانی دەستی داعشیش داواکارن هەرچی زووە گۆڕەکە هەڵدرێتەوە و پشکنینی ناسینەوە بۆ ڕوفاتی قوربانییەکان بکرێت.

لەیلا شەمۆ ئافرەتێکی دیکەی ئێزدییە و لە 2014ـەوە کەسوکاری لە شنگال لەلایەن چەکدارانی داعش شوێن بزرکراون و دەڵێ: ئێمە تازە چاومان کەوتووەتە سەر ئەم چاڵەیە کە داعش خەڵکێکی زۆری تێدا گولـلەباران کردووە، داواکارین لە حکوومەتی عێراق هەرچی زووە گۆڕەکە هەڵبداتەوە و بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بە ڕوفاتی قوربانییەکانمان شاد بینەوە.

دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بە سەر تاوانی جینۆسایدکردنی هاووڵاتییانی ئێزدی لە سەر دەستی چەکدارانی ڕێکخراوی داعش، تازە حکوومەتی عێراق و ڕێکخراوەکان دەستیان بە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە کردووە و بەهۆی زۆری ژمارەی ئێسک و پروسکی قوربانییەکان نازانرێت کۆی ڕوفاتەکان چەندە.

لەمبارەوە زێدان خەلەف ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێ " تاوەکوو ئیستا ژمارەی قوربانییان نەتوانراوە دیاری بکرێت، بەڵام پێشتر لەلایەن مێدیاکانەوە بڵاوکراوەتەوە گوایە سەدان ڕوفات لەو گۆڕە بە کۆمەڵەدا هەن و لە نێویاندا ئافرەت، منداڵ، گەنج و کەسانی بەساڵاچوو لەلایەن چەکدارانی داعش گولـلەباران کراون و هەڵدراونەتە نێو ئەو چاڵە، هەربۆیە لە کەسوکاری قوربانیان دەکەین پشکنینی دی ئێن ئەی بکەن بۆ ئەوەی ڕوفاتەکان بناسرێنەوە".

هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانییانی دەستی داعش لە چاڵی عەلۆ عەنتەر - باکووری شارۆچکەی تەلەعفەر
هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانییانی دەستی داعش لە چاڵی عەلۆ عەنتەر - باکووری شارۆچکەی تەلەعفەر

لەدوای ڕزگارکردنی شاری مووسڵ و دەشتی نەینەوا لە دەستی چەکدارانی داعش تاوەکوو ئیستا 61 گۆڕی بە کۆمەڵی قوربانیانی دەستی داعش هەڵدراونەتەوە و نزیکەی 240 ڕوفاتی قوربانییان ڕادەستی کەسوکارەکانیان کراونەتەوە، بەڵام بەشێکی زۆری ڕفێندراوانی ئێزدی هێشتا هیچ چارەنووسێکیان نەزانراوە و مەزندە دەکرێت زۆربەی هاووڵاتییانی بێسەروشوێن بووی ئێزدی لەو گۆڕە بەکۆمەڵەدا بن، ڕەنگە هاووڵاتییانی ئێزدی تاوەکوو کۆتایی پرۆسەی هەڵدانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی چاڵی عەلۆ عەنتەر، چاوەکانیان تەنیا لە سەر ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە بێت.

چاڵی عەلۆ عەنتەر دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای شارۆچکەی تەلەعفەر قوڵییەکەی 15 مەترە و بە گوتەی شایەتحاڵەکان یەکێکە لە گەورەترین گۆڕە بە کۆمەڵەکانی قوربانییانی دەستی داعش و مەزندە دەکرێت نزیکەی دوو هەزار کەسی تێدا گولـلەباران کرابێت کە زۆرینەیان هاووڵاتییانی ئێزدین و بەشێکیشیان شیعە مەزهەبەکانی تەلەعفەر و ژمارەیەکیش لە خەڵکی سوننە مەزهەبی شاری مووسڵ بن، هەرچەند بەهۆی بارانی 10 ساڵی ڕابردوو تێچوونی ئاوی باران و لافاوەوە ‌هەڵدانەوەی گۆڕەکە قورس بێت، بەڵام بڕیارە لە ماوەی چوار مانگدا پرۆسە بە کۆتا بهێندرێت.

Fly Erbil Advertisment