لەسەر پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی بە زمانی کوردی پۆلیس دەستگیری کرد

پۆلیسی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە لە دیاربەکری باکووری کوردستان هەڵیانکوتاوەتە سەر کافتریایەک و خاوەنی کافتریاکەیان دەستگیرکردووە، تەنیا لەبەر ئەوەی ناوی کافێکەی کوردی بووە و خزمەتگوزارییەکانیشی بە زمانی کوردی و زازاکی پێشکەش بە میوانەکان کردووە.

ئەو کافتریایە دەکەوێتە کۆڵانی هونەری دیاربەکر و ساڵێک و شەش مانگە کراوەتەوە، بەڵام جیاکردنەوەی لە کافتریاکانی دیکەی شارەکە، بایەخدانی بووە بە زمانی دایک، خاوەنی کافتریاکە ناوی ڕەمەزان شیمشەکە و دوای چەند مانگێک لە دەستبەکاربوونی بڕیاریداوە هەموو میوانانی کافێکە دەبێت بە زمانی کوردی یان زازاکی بۆیان هەیە داوای خزمەتگوزارییەکان بکەن، بڕیارەکەشی لە سەر بنەمای پاراستنی زمانی زمانی دایک بووە.

ویداد شمشەک برای خاوەنی کافتریاکە لە بارەی هەڵکوتانە سەر کافتریاکە لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و قۆڵبەستکردنی براکەی بۆ کوردستان24 گوتی: بەیانی زوو براکەم پەیوەندیی پێوەکردم و وتی: پۆلیس دەستگیری کردووە.

ویداد شمشەک گوتیشی؛ دوای ئەوەی هاتینە شوێنەکە بینیمان دەرگای کافتریاکە شکێندراوە و بەشێکی زۆری نێو کافێکەش شێوێندرابوو، لامان سەیربوو چونکە براکەم هیچ کێشەیەکی سیاسیی و کێشەیەکی دیکە نییە تەنیا هۆکار چالاکییەکانی براکەمە بۆ پاراستن و پەرەپێدانی زمانی دایکە.

برای خاوەنی کافتریاکە گوتیشی: ئەگەر براکەم ئازاد بکرێ یان نا، ئێمە لە خزمەتکردن بە زمانی کوردی و زمانی دایک کۆڵنادەین و هەر بەردەوام دەبین، چونکە بەڵێنمانداوە.

ئاماژەشیدا، پارێزەرەکەی پێیڕاگەیاندوون، ئەگەر لە دوای لێکۆڵینەوەکان هیچ تۆمەتێکی سیاسی بۆ ڕەمەزان شمشەک هەڵنەبەسترێ ئەوا بێگومان لە چەند ڕۆژی داهاتوو ئازاد دەکرێت.

Fly Erbil Advertisment