ئیستەنبوڵ.. حەوت کەس لە ئەنجامی داڕمانی باڵەخانەیەکەوە بریندار بوون

حەوت کەس لە ئەنجامی داڕمانی باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سێ نهۆمی لە شاری ئیستەنبوڵ برینداربوون، برینی دووانیان سەختە.
بەگوێرەی مێدیا ناوخۆییەکان، بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 2ی حوزەیرانی 2024، باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوونی سێ نهۆمی لە ناوچەی کوچەک چەکمەجەی بەشی ئەورووپای شاری ئیستەنبوڵ داڕما و لە ئەنجامدا حەوت کەس بریندار بوون.
تیمەکانی پۆلیس، بەرگریی شارستانی و گەڕان و ڕزگارکردن چوونەتە شوێنی ڕووداوەکە بۆ دەرهێنانی قوربانییەکان. تاوەکوو ئێستا حەوت کەست بە برینداری لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکە دەرهێنراون کە برینی دووانیان سەختە و تیمەکان سەرقاڵی ڕزگارکردنی دوو کەسی دیکەن کە لە ژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە.
بەگوێرەی مێدیا ناوخۆییەکانی تورکیا، لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەستی پێ کردووە و تاوەکوو ئێستا هۆکەی نازانرێت.
داود گوڵ، پارێزگاری ئیستانبوڵ لە شوێنی ڕووداوەکە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، " باڵەخانەکە کە لە ساڵی 1988 دروست کراوە بە هۆیەکی نادیار داڕما. تا ئێستا هەواڵی مردنی کەسمان لە ئەنجامی ڕووداوەکە پێنەگەیشتووە. لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە. "