داوا لە دادگەکانی تەمیز و فیدراڵی دەکرێت پابەند بن بە پسپۆڕیی خۆیانەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 3ی حوزەیرانی 2024، دەسەڵاتی باڵای دادوەری، ڕێنمایی دادگەکانی تەمیز و فیدراڵی کرد، کە پابەندبن بە پسپۆڕیی خۆیانەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی دادوەری، "سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایق زەیدان، میوانداریی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی کرد کە جێگرانی سەرۆکی دادگەی تەمیز و سەرۆک و ئەندامانی دادگای فیدراڵی بە ئامادەبوونی سەرۆکی چاودێریی دادوەری، کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر دەسەڵاتی هەردوو دادگەکە کرا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: ڕێککەوتن لەسەر پابەندبوون بەو بڕگانەی کە لە دەستووردا هاتوون و یاسا کارپێکراوەکان، کە دەسەڵاتی دادوەری بۆ ئەو دوو دادگەیەی دیاری کردووە، کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدرێت بۆ گەیشتن بە بۆچوونێکی هاوبەش".
لە ماددەی 93ـی دەستووردا دەسەڵاتەکانی دادگەی فیدراڵی بەم شێوەیە پێناسە دەکات، "چاودێریکردنی دەستووریبوونی یاسا و ڕێسا کارپێ کراوەکان، شیکردنەوەی دەقەکانی دەستوور و بڕیاردان لەسەر ئەو کەیسانەی کە لە جێبەجێکردنی یاسا و بڕیار و ڕێسا و ڕێنماییە فیدراڵیەکانەوە سەرهەڵدەدەن، هەروەها ئەو ڕێکارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی فیدراڵیەوە دەرچووە".
هەروەها دەسەڵاتەکانی بریتین لە، بڕیاردان لەسەر ئەو ناکۆکیانەی کە لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی هەرێمیەکان، پارێزگاکان، شارەوانییەکان و ئیدارە ناوخۆییەکان ڕوودەدەن، هەروەها بڕیاردان لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە ئاراستەی سەرۆکی کۆمار، سەرۆکوەزیران دەکرێت و وەزیرەکان، ئەمە بە یاسا ڕێک دەخرێت، جگە لە پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان.
بڕیارەکانی دادگە هەمیشە کۆدەنگ نەبوون، چونکە زۆر بابەتی مشتومڕاوی هاتووەتە سەر ڕێگەیەوە، ئەمەش ڕای گشتی ورووژاند و تەنانەت هەندێکیش بە ئامرازێک بۆ یەکلاکردنەوەی حساباتی سیاسی دەزانن.
لە دیارترین بڕیارەکان کە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا مشتومڕی لێکەوتەوە، بڕیارەکەی دادگە بوو بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تانەیەی کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشکەش کرا لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2021 و داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی دەکرد، هەروەها بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی تانەیەکی دژی هەڵبژاردنەکان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، جگە لەو بڕیارەی کە لە 15ـی شوباتی 2022 دەرچووە، کە یاسای نەوت و گاز نادەستوورییە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە، حکوومەتی هەرێم پابەند دەکات بە ڕادەستکردنی نەوت بە حکوومەتی فیدراڵی.
ئەمە لەکاتێکدایە دادگەی تەمیز بەشێکی گرنگە لە جومگەکانی دامەزراوەی دادوەریی عێراق، ئەم دادگە باڵایە لە باشترین دادوەرەکان پێکهاتووە کە ئەزموونیان لە دادگەکان هەبووە و شارەزای دەسەڵاتی دادوەری بوون، دادگەی تەمیز دەستەی باڵای دادوەرییە کە چاودێریی دادوەری بەسەر هەموو دادگەکاندا دەکات.