پیاوێک بەشەق و زلـلە پەلاماری سەرۆکوەزیرانی دانیمارکی دا

مێت فرێدرێکسن سەرۆکوەزیرانی دانیمارک
مێت فرێدرێکسن سەرۆکوەزیرانی دانیمارک

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک بڵاویکردووەتەوە، مێت فرێدرێکسن سەرۆکوەزیران، ئێوارەی هەینی لە گۆڕەپانی کولتۆرڤێتی کۆپنهاگنی پایتەخت لەلایەن پیاوێکەوە پەلامار دراوە.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک هاتووە، پیاوەکە بەشەق و زلـلە پەلاماری مێت فرێدرێکسنی داوە و بەهۆیەوە تووشی بارێکی نائاسایی دەروونی بووەتەوە، بەڵام دوای پەلاماردانەکە ڕاستەوخۆ لەلایەن پۆلیسیەوە هێرشکەرەکە دەستگیر کراوە.

لەلایەن خۆیەوە پۆلیسی دانیمارک لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردووەتەوە کە ئەو پیاوەی پەلاماری سەرۆکوەزیرانی داوە، دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لە بارەی هۆی پەلاماردانەکە ئاشکرا نەکردووە و تەنیا ئاماژەی داوە، ئێستا هیچ وردەکارییەک لەسەر ڕووداوەکە بڵاو ناکەنەوە.

پەلاماردانی سەرۆکوەزیرانی دانیمارک کاردانەوەی ناوخۆیی و وڵاتانی دیکەی ئەوروپای لێ کەوتەوە و وەزیری ژینگەی دانیمارک، ماگنۆس هیۆنیکی لە پەیامێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، نووسیویەتی"ئەوەی ڕوویداوە هەموومانی هەژاند و ناکرێت لە وڵاتە جوان و سەقامگیر و ئازادەکەمان وەها ڕەفتارێک  ڕوو بدات".

هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا، ڕۆبێرتا میتسۆلا پەلاماردانی سەرۆکوەزیرانی دانیمارکی بە کارێکی قێزەون ناوبردووە و ڕایگەیاندووە، توندوتیژی لە نێو سیاسەتدا جێگەی نابێتەوە.

لەلایەکی دیکەوە چارڵ میشال سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە ئێکس نووسیویەتی "ئەو پەلاماردانە ترسنۆکانە بە توندی ئیدانە دەکەم.

Fly Erbil Advertisment