فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئێران: چەندان وڵات خوازیارن درۆنمان لێ بكڕن

حەمید واحدی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران دەڵێ: هێزی ئاسمانیی هاوشانی سەرجەم هێزەکانی دیکە، توانیویەتی چەندین درۆنی هێرشبەر بە قەبارە و تایبەتمەندی جیاواز بەرهەم بێنێت و ژمارەیەکی زۆر لەو وڵاتانیش خوازیاری کڕینی درۆنی ئێرانین.
واحدی، لە میانەی پەیڤێکدا بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی هێزی ئاسمانیی ئێران ڕایگەیاند، ئێران خاوەن پێگە و توانایەکی نایابە و لەگەڵ ئەوەی بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی زۆر بووەتەوە، بەڵام توانیویەتی لە خۆ بەهێزکردن و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی پێشکەوتنێکی بەرچاو بەخۆوە ببینێت، هەربۆیە دەبێت گەنجەکانی ئێران بەوپەڕی هێز و تواناوە پارێزگاری لە هێز و کۆششەکانی سوپای وڵاتەکەیان بکەن.
گوتیشی: ئێستا هێزی ئاسمانیی ئەرتەش توانیویەتی پەرە بە تواناکانی بدات و ببێتە خاوەنی تەکنەلۆجیایەکی پێشکەوتووی هێزی ئاسمانیی و چەندین درۆنی پێشکەوتوو دروست بکات کە توانای بڕینی دوورییەکی زۆر و هێرشکردنیان هەبێت، هەر ئەمەش وایکردووە چەندان وڵات خواستیان لەسەر کڕینی درۆنەکان هەبێت.