تۆمەتبارانی دۆسیەی تیرۆرکردنی تاهیر ئێلچی ئازادکران

خۆپیشاندان بۆ داواکردنی بە سزاگەیاندنی بکوژانی تاهیر ئێلچی
خۆپیشاندان بۆ داواکردنی بە سزاگەیاندنی بکوژانی تاهیر ئێلچی

K24 - هەولێر:

دوای نۆ ساڵ، بڕیاری ئازادکردن بۆ تۆمەتبارانی دۆسیەی تیرۆرکردنی تاهیر ئێلچی، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر دەرکرا.

11یەمین دانیشتنی دادگایی دۆسیەی تیرۆرکردنی تاهیر ئێلچی، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر لە دادگای تاوانەکانی دیاربەکر بەڕێوەچوو کە لە ساڵی 2015 لەبەردەم منارەی مێژوویی چوارپێ کرابووە ئامانج. دوای وەرگرتنی بەرگرییەکان، دادگا بڕیاری ئازادکردنی بۆ سێ پۆلیس دەرکرد کە تۆمەتباربوون لە تیرۆرکردنی ئێلچی.

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، ناهید ئەرەن، سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر ڕایگەیاند: "بەداخەوە بڕیاری بێتاوانبوونی سێ پۆلیسی دۆسیەکەی تاهیر ئێلچی دەرچوو. ئێمە ئەم بڕیارە ڕەتدەکەینەوە. کاروانێک لە پارێزەران ئەمڕۆ لێرەن و لە خەباتی دادوەریی خۆمان بەردەوام دەبین".

سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر گوتیشی: "لێرە لە شوێنی کوژرانی تاهیر ئێلچییەوە دەڵێین، لە ڕۆژی دەستگیرکردنی گومانلێکراوانەوە تا ئێستا هەوڵ دەدرێت دۆسیەکە بە تاریکی بمێنێتەوە و دادگاش دەیەوێت بە بڕیارێک ئەم دۆسیەیە دابخات، دەسەڵاتی ئێستای تورکیا و کەشی سیاسی هۆکاری ئەم بڕیارەن بەڵام رۆژێک بە دڵنیاییەوە تۆمەتبارانی دۆسیەی تاهیر ئێلچی بە سزای خۆیان دەگەن".

تاهیر ئێلچی کە ئەوکات سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکر بوو، لە (28ـی تشرینی دووەمی 2015) لە کاتی کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە ناوچەی سووری سەر بە دیاربەکر تیرۆر کرا. کاتی تیرۆرکردنی تاهیر ئێلچی، شەڕ لە نێوان چەکدارانی پەکەکە و سوپای تورکیا هەبوو، بۆیە هەردوولا یەکتریان تۆمەتبار دەکرد بە کوشتنی ئێلچی.

تاهیر ئێلچی لە ساڵی 1966دا لە ناوچەی جزیرەی باکووری کوردستان لەدایکبووە. قۆناغەیکانی خوێندنی لە جزیرە تەواو کرد و لە ساڵی 1991ـدا بەشی یاسای لە زانکۆی دیجلەی شاری دیاربەکرد تەواو کرد.

ئێلچی لە ساڵانی نێوان (1998 – 2006) یەکێک بوو لە ئەندامانی بەڕێوەبەریی سەندیکای پارێزەرانی دیاربەکرد و ساڵی 2012 وەکوو سەرۆکی ئەو سەندیکایە هەڵبژێردرا،

تاهیر ئێلچی خاوەنی دوو منداڵ بوو، زمانەکانی ئینگلیزی، ئەڵمانی، تورکی و کوردیی دەزانی و وەکوو چالاکێکی بواری مافەکانی مرۆڤ دەناسرا و لەو بوارەشدا چەندین جار خەڵات کرابوو.

تاهیر ئێلچی، له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ ته‌له‌ڤزیۆنی "CNN Turk" ڕایگه‌یاندبوو كه‌ ئه‌و په‌كه‌كه‌ به‌ تیرۆریست نازانێت، له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و قسانه‌شدا دادگای شاری دیاربەکر له‌ 19ـی ئۆكتۆبه‌ری 2015، به‌ تۆمه‌تی بانگه‌شه‌كردن بۆ تیرۆر، سزای 7 مانگ به‌ندكردنی به‌سه‌ر ئێلچیدا سه‌پاند و مافی گه‌شتكردنیشی بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات لێ قه‌ده‌غه‌كرا.

Fly Erbil Advertisment