وەزیری دەرەوەی ئێران سهردانی ههولێر دهكات

K24 – هەولێر:
وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت سبهی پێنجشەممە دەگاتە بەغدا و بڕیارە لەگەڵ هەریەک لە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و چەندین بەرپرسی باڵای دیکەی عێراقی کۆ بێتەوە. عەلی باقری کەنی ڕۆژی هەینیش لە بەغداوە بەرەو هەولێر دێت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە.
عەلی باقری کەنی لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا کە پاش گیانلەدەستدانی وەزیری دەرەوی ئێران بووەتە سەرپەرشتیاری ئەم وەزارەتە لە سێیەم گەشتی خۆی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، ڕۆژی پێنجشەممە بۆ گەشتێکی دوو ڕۆژە دەگاتە بەغدا و لە بەغداشەوە سەردانی هەولێر دەکات.
ئاژانسی ئیسنا لەسەر زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاندووە، عەلی باقری کەنی لەم گەشتەیدا لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و چەند بەرپرسێکی دیکەی باڵای حکوومەتی عێراق دیدار و گفتوگۆی دەبێت.
هەر بە پێی ڕاپۆرتەکەی ئیسنا، وەزیری دەرەوەی ئیران بە وەکالەت، ڕۆژی هەینیش دەگاتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
پێشتر محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق بە ئاماژەکردن بەوەی باقری لە پاش ئەوەی بووەتە سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەردانی هەریەک لە وڵاتانی سووریا و لوبنانی کردووە، ڕایگەیاندبوو گەشتەکەی باقری بۆ بەغدا لە درێژەی دوو گەشتەکەی دیکەیدایە و ئامانجیشی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانە لە هەموو بوارەکاندا.
بە گوتەی ئال سادق، وەزیری دەرەوەی ئێران بە وەکالەت لەو گەشتەیدا هەروەها بەنیازە سوپاسی دەسەڵاتدارانی عێراق بکات بۆ ئەو هاوخەمییەی پاش کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەی سەرۆککۆماری ئێران دەریان بڕیبوو.
ڕۆژی سێشەممە (11ـی حوزەیرانی 2024) عەلی باقری کەنی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: "پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستانی عێراق زۆر جێی ڕەزامەندییە و ئێستا قەبارەیەکی بەرچاوی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق، لە هەرێمی کوردستانەوەیە. لە داهاتووشدا، بەرچاوڕوونییەکی زۆر لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو لا هەیە. بۆیە، کۆماری ئیسلامیی ئێران بایەخێکی زۆر بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات".
ئێوارەی ڕۆژی (19ـی ئایاری 2024)، هێلیکۆپتەری ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆکی كۆچكردووی ئێران و یاوەرانی بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە لە سنووری پارێزگای تەورێز کەوتە خوارەوە. دوای 18 کاتژمێر گەڕان، هێلیکۆپتەرەکە بە تێکشکاوی دۆزرایەوە و سەرجەم سەرنشینانی هێلیکۆپتەرەکە کە نۆ کەس بوون، مردن و دیارترینیشیان ڕهئیسیی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران بوون.
دوای ئەو ڕووداوەش، عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند، دوای گیان لەدەستدانی ڕەئیسی، محەمەد موخبیر، جێگری یەکەمی سەرۆککۆماری ئێران، ئیدارەی دەسەڵاتی جێبەجێکاری وڵات دەگرێتە ئەستۆ.
ڕۆژی (20ـی ئایاری 2024) نەسروڵڵا ڕەشنوودی، کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا بۆ تاران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆماری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی بانگهێشت کردبوو سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و وا بڕیار بوو هەفتەی داهاتوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات. ئێمەش خەریکی ڕێکخستنی بەرنامەی سەردانەکەی سەرۆککۆمار بووین، بەڵام بەداخەوە ئەو ڕووداوە هاتە پێشەوە".