لە شەقڵاوە پەردە لەسەر پەیکەری دایکە حەلیمە لادرا

K24 – هەولێر:
لە قەزای شەقڵاوە، لە ڕێوڕەسمێکدا پەردە لەسەر پەیکەری دایکە حەلیمە، دایکی چوار شەهیدی کوردستان لادرا کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە لەگەڵ 19 کەسی دیکەی دانیشتووی شەقڵاوە، شەهید کران.
ڕۆژی چوارشەممە (12ـی حوزەیرانی 2024) بە ئامادەبوونی سیداد بارزانی، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە و هونەرمەندان و ڕووناکبیران، لە شاری شەقڵاوە پەردە لەسەر پەیکەری دایکە حەلیمە، دایکی چوار شەهیدی کوردستان لادرا.
حەلیمە ئەحمەد عەبدوڵڵا (1918-2007)، ناسراو بە دایکە حەلیمە، خەڵکی شەقڵاوەیە، دایکی چوار شەهید بوو. لە ڕۆژی (14/10/1987) هەر چوار کوڕەکەی، کە خەریکی کاری خۆیان بوون، لەگەڵ 19 کەسی دیکەی خەڵکی شارەکە، کە دوویان کریستیان بوون، لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق دەستگیرکران و لە ڕۆژی (16/11/1987) شەهیدکران. ڕژێمی پێشووی عێراق جگە لەوەی تەرمەکانیشی نەدایەوە و لە دەشتی مەخموور ناشتنی، ڕێگەی نەدا خانەوادەکانیان پرسەیان بۆ دابنێن. بەڵام لە دوای ڕاپەڕین، لە ساڵی 1991ـدا، تەرمی ئەو شەهیدانە گەڕێندرانەوە بۆ زێدی خۆیان، بە شەهیدە کریستیانەکانیشەوە، لە گۆڕستانێکی شەقڵاوە لە ڕێوڕەسمێکی شکۆداردا بە خاک سپێردران.
پەیکەری دایکە حەلیمە لەلایەن هونەرمەندی جیهانی مامۆستا هادی زیائودینی، دروست کراوە و کە گوزارشتە لە وێنەی شاری شەقڵاوە کە تێیدا کولتووری بەشداریی گشتی لە خەبات بۆ ئازادی و سەربەخۆیی تێدایە. بە جۆرێک کە خەڵک و پێشمەرگە پێکەوە قوربانیان بۆ ڕزگاربوون داوە. ئەو پەیکەرە ئازایەتی ژنی کورد و بەشداریی ژنانی کورد لە واری گشتی و کولتووری ڕێزگرتن لە ئافرەت لەناو کورددا نیشان دەدات. هەروەها پەیکەرەکە خستنەڕووی دیمەنی پێکەوەژیانی ناوچەکە نیشان دەدات، بەشێوەیەک، لە شەقڵاوە پێکەوەژیانی ئاشتیانە ئەوەندە ڕیشەدارە کە بۆ خەباتی ڕزگاریش پێکهاتەکان پێکەوە قوربانییان داوە.

