سێنتکۆم: دوو بەلەمی بۆمبڕێژکراو و چەند ناوەندێکی چاودێریی زەریایی تەقیندرانەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاند، لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانیان لە دەریای سوور دوو بەلەمی بۆمبڕێژکراوی چەکدارە حووسییەکانی یەمەنیان تێک شکاندووە لەگەڵ وێرانکردنی چەند ناوەندێکی ڕاداری چاودێریی جووڵەی زەریایی.
فەرماندەییەکە، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، بڵاوی کردووتەوە، لە دوو چالاکیی جیادا هێزەکانیان جیا لە تەقاندنەوەی دوو بەلەمی بۆمبڕێژکراوی چەکدارانی حووسی، فڕۆکە جەنگییەکانیش توانیویانە حەوت ناوەندی ڕادار و چاودێریی جووڵەی دەریایی چەکدارە حووسییەکانیان لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەو چەکدارانە خاپوور بکەن، کە بۆ چاودێری و هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن بەکاریان دەهێنان.
سێنتکۆم ئاماژەشی دا، چەکدارە حووسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی و پڕ چەک دەکرێن بوونەتە هەڕەشەیەکی تەواو بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هێزە هاوپەیمانەکانی لە ناوچەکە، هەربۆیە هەموو ڕێکارێک گیراوەتەبەر بۆ پارێزگاری لە جووڵە و بازرگانی دەریایی، بۆ ئەوەی سنوور ئاوییە نێودەڵەتییەکانی بەتەواوی پارێزراو بن بۆ کەشتییە ئەمەریکی و هاوپەیمانەکانی و کەشتییە بازرگانییەکان.
لە دوای هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە 17ی ئۆکتۆبەری 2023، چەکدارە حووسییەکانی یەمەن و گرووپە میلیشیاکانی عێراق کە خۆیان بە بەرەی مقاوەمە ناساندووە هێرشەکانیان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بازرگانی نێودەوڵەتی لە دەریای سوور چڕکردووەتەوە، وەک هەڵوێستێکی پشتیوانی لە چەکدارانی حەماس.