عه‌ممار حه‌كیم: چارەنەکردنی کێشەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان کێشەیەکی گەورەیە

سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی ڕایدەگەیەنێت، بە بەتاڵی هێشتنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، "کێشەیەکی گەورەیە" و داوا دەکات لایەنە سیاسییەکان بە گفتوگۆ کێشەکە چارە بکەن.
عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ڕه‌وتی حیكمه‌ی نیتشمانی له گوتارێکدا ڕایگه‌یاند، "زیاتر له حەوت مانگه پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان به به‌تاڵی ماوه‌ته‌وه. ئه‌مه كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و خزمه‌ت به پرۆسه‌ی سیاسی و ئه‌و سه‌قامگیرییه ناكات كه بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كه‌ین، بۆیه ده‌بێت ئه‌م پۆسته به ته‌وافوقی سیاسی یه‌كلایی بكرێته‌وه".
عه‌ممار حه‌كیم داوا له گشت هێزه سیاسییه‌كان دەکات، "ئه‌م پۆسته به گوێره‌ی ده‌ستوور و به‌شداریی نیشتمانی یه‌كلایی بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته هۆی ناكۆكی و ململانێ له‌نێوان پێكهاته‌یه‌كی دیاریكراو. دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه، یه‌كگرتووییمان نیشانی به‌هێزیمانه".
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی پێنج دانیشتنی پەرلەمان و سێ پرۆسەی دەنگداندا؛ پەرلەمانی عێراق نەیتوانیوە سەرۆکێکی نوێ هەڵبژێرێت ئەمەش دوای ئەوەی دەسەڵاتی دادوەری لە 14ـی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی لە پۆستەکەی دوور خستەوە.
ڕۆژی شەممە (18ـی ئایاری 2024) دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دەستی پێ کرد و هەر یەک لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵال زەوبەعی و عامر عەبدولجەببار خۆیان بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەربژێر کرد.
هەر چوار بەربژێرەکە نەیانتوانی لە گەڕی یەکەمی دەنگداندا لە کۆی 329 دەنگ، 166 دەنگ بەدەست بهێنن و پۆستەکە یەکلابکەنەوە، بۆیە دەنگدانەکە چووە گەڕی دووەم، لە گەڕی دووەمیش کێبڕکێکە لە نیوان مەشهەدانی و عیساویدا بوو، بەڵام گەڕی دووەمیش بە کۆتا هات، بڕیار بوو گەڕی سێیەمی دەنگدان بەڕێوە بچێت، بەڵام دانیشتنەکە هەڵگیرا.