واشنتۆن فڕۆکەهەڵگری 'ئایزنهاوەر'ـی لەدەریای سوور کشاندەوە

سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، کەشتیی فڕۆکەهەڵگری"یو ئێس ئێس دوایت دی ئایزنهاوەر"لە دەریای سوور کشاندەوە، کە دوای هێرشە بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕەوانەی ئەوە ناوچەیەی کردبوو.
فەرماندەیی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست "سێنتکۆم" ڕایگەیاند، کەشتی فڕۆکە هەڵگر و گرووپەکەی بە ڕێگەوەن بۆ ئەمەریکا.
ئاماژەی بەوەش دا، کەشتیی "یو ئێس ئێس تیۆدۆر ڕۆزفێڵت" و گرووپەکەی جێگەی کەشتی ئایزنهاوەر دەگرێتەوە، کە سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، هێشتا کەشتییەکە لە ئۆقیانووسی هێمندایە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بگاتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
پات ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، "بۆ ماوەی زیاتر لە حەوت مانگ، ئایزنهاوەر و گرووپەکەی پارێزگاریان لەو کەشتیانە دەکرد کە بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا تێدەپەڕین، بەشدارییان لە ڕزگارکردنی کەشتیوانەکان و ڕێگریی لە میلیشیای حوسییەکان لە یەمەن دەکرد".
حووسییەکان ماوەی چەند مانگێکە پەلاماری ئەو کەشتییانە دەدەن کە لە دەریای سوور و عەرەبی و ئۆقیانووسی هیندی بەرەو بەندەرەکانی ئیسرائیل دەڕۆن یان خاوەندارێتییان بۆ کۆمپانیا ئیسرائیلییەکان دەگەڕێتەوە، ئەمەش وەک وەڵامدانەوەیەکی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.
ئەمەریکا و بەریتانیا و وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ پاراستنی کەشتییەکانی ناوچەکە دەس پێ کردووە.