پشتیوان سادق: جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال هەڕەشەیە لەسەر ئاشتەوایی

پشتیوان سادق، دەڵێت جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتننامەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال هەڕەشەیەکە لەسەر ئاشتەوایی و دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی و حکوومەتی عێراق بە تایبەتی جیددی بن لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە و هاووڵاتییانی ئێزدی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە شەشەمین کۆنفرانسی لالش بۆ ئاشتی و پێکەوە ژیان لە شنگال بە نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی جیددی خۆی دەدات لەگەڵ حکوومەتی عێراق یان هەر خۆی ئەوەی پێی بکرێت، هەوڵ دەدات خزمەتی خوشک و برایانی ئێزدی دەکات لەڕووی یاساییەوە، لە ڕووی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا و لە ئاستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستا و لە ڕابردووشدا درێغیی نەکردووە.
گوتیشی: خوشک و بریانی ئێزدی و هەموو کۆمەڵگەی عێراقی و ناوچەکەش بەهۆی کردەوە و ڕەفتارەکانی داعش تووشی ئازار و مەینەتییەکی زۆربوونەوە. هەمووشمان دەزانین تیرۆر پەیوەندیی بە نەتەوەیەک و ئاینێکەوە نییە، پێشمەرگەی کوردستان بەهاوکاریی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانیان تا ڕادەیەکی زۆر شکست بە داعش و تواناکانیان بێنن. بەڵام دوای سەرکەوتنی پێشمەرگە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی و هێزەکانی عێراق پێویستە لە ڕووی یاسایی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە بایەخ دۆخ و ژیان و گوزەرانی خوشک و برایانی ئێزدی بدرێت.
هەر لە گوتارەکەیدا ڕایگەیاند، نەگەڕانەوەی هاووڵاتییانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان، گەورەترین زیانە بەر ئێستا و ئایندەی ئێزدی دەکەوێت و پێشێلکارییەکی گەورەی مافەکانی مرۆڤە. بۆیە پێویستە حکوومەتی کۆمەڵگەی نێودوەڵەتی و حکوومەتی عێراق بەتایبەتی ڕێخۆشکەر بن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی شنگال، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی ئێزدی بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.
ئاماژەیدا و گوتی: چارە نەکردنی ئەو ناخۆشی و ئاستەنگانەی لەبەردەم ئێزدییەکان هەیە، هەڕەشەیە لەسەر ئاشتەوایی نێودەوڵەتی و دەبێت ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ڕێگەیەک بدۆزێتەوە تاوەکوو چیتر هاووڵاتییانی ئێزدی تووشی مەینەتی و ناخۆشی نەبنەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەی لە توانا و دەسەڵاتیدا هەبوو بۆ هاووڵاتییانی ئێزدی درێخی نەکردووە و بەشێکی چارەکردنی گرفتەکانیش لە توانا و دەسەڵاتی حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە.