کامەران عەلی: کورد لە دامەزراندنەکانی کەرکووك بێبەش کراوە

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک ڕاگەیاند، کورد لە دامەزراندنەکانی عێراق لە کەرکووک بێبەش کراوە و خوێندنی کوردیش بەشێکە لەو پرۆسەی بێبەشکردنە.
کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: دامەزراندن چەند ساڵێکە لە پارێزگاکە دەکرێت هەموو نەتەوە پێکهاتەکان تێیدا سوودمەند بوونە تەنیا کورد لەو دامەزراندنە بێبەش کراوە.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک درێغی نەکردووە لە دامەزراندن، ساڵانە وانەبێژی بۆ خوێندنی کوردی لە کەرکووك دامەزراندووە، نزیکەی 9 هەزار میلاکمان هەیە و لەو ژمارەیەش 1200ـیان وانەبێژە، مانگانە شایستە داراییەکان لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بۆمان ڕەوانە دەکرێت.
بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک، دەڵێت: وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەسەر هێڵ بووە بۆ چارەکردنی کێشەکانمان، چاومان لەوەیە هەم لە هەرێمی کوردستان هەم لە بەغدا هەوڵ بدەن خوێندنی کوردی لە کەرکووک زیاتر بەرەوپێش ببەن.