چەپەکان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانی فەرەنسایان مسۆگەر کرد

وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا ئەنجامی کۆتایی گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی گشتیی فەرەنسای بڵاو کردەوە و بە گوێرەی دوا ئەنجامەکان, هاوپەیمانی بەرەی جەماوەری چەپڕەو بەسەرۆکایەتی جان لۆک میلانشۆن 182 کورسی بەدەست هێناوە و پێشەنگی هەڵبژاردنەکەی گرتووە.
هەروەها هاوپەیمانی پێکەوەیی ئیمانوێل ماکرۆن, توانیویەتی 162 کورسی بەدەست بێنێت و پلەی دووەمی گرتووە، لە پلەی سێیەمیشدا هاوپەیمانی گردبوونەوەی نیشتیمانی ڕاستڕەوەکان دێت کە 143 کورسیان بەدەست هێناوە.
حەوتی ئەم مانگە لە 501 بازنە گەڕی دووەم و یەکلاکەرەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا بەڕێوەچوو، لەگەڕی یەکەمدا ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدان %66.7 بوو، تیایدا هاوپەیمانی گردبوونەوەی نیشتمانی ڕاستڕەوەکان بە سەرۆکایەتیی مارێن لۆپێن توانیان لە%33ی دەنگەکان بەدەست و ڕیزبەندی یەکەمی گەڕی یەکەم بن، هەروەها هاوپەیمانێتییەکەی ئیمانوێل ماکرۆن تەنیا %20ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و لە پلەی دووەم بوو، بەڵام لە گەڕی دووەمدا ئەنجامەکان بۆ ڕاستڕەوەکان پێچەوانە بووەوە و بۆ سێیەمی هەڵبژاردن دابەزین و هاوپەیمانەکەی ماکرۆنیش هەر لە دووەم مایەوە.
هەر لە بارەی هەڵبژاردنەکانی فەرەنساوە، دۆناڵد تەسک سەرۆکی پۆڵندا لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی؛ سەرکەوتنی چەپەکان نیشانەی جۆشوخرۆشیی فەڕەنسییەکانە، سەرکەوتنی چەپەکان ڕووسیای نیگەران و دڵتەنگ کردووە، چونکە ڕووسیا دەیویست ڕاستڕەوەکان دەسەڵات بگرنەدەست، بەڵام وا دەرنەچوو.
لەلایەن خۆیەوە وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، دەنگدانی فەڕەنسییەکان بەم ئەنجامە نیشانەی ناڕازیبوونیانە بەو دەسەڵاتەی ئێستا حووکمی وڵاتەکەیان دەکات، بەتایبەتی لە ئاستی سیاسەتی دەرەوە.