چەند سەرچاوەیەکی باڵای پارتی: بەم زووانە لیستی کاندیدانمان پێشکەشی کۆمیسیۆن دەکەین

پارتی دیموکراتی کوردستان بەم زووانە لیستی کاندیداکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات. بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، "یەکەمی بێڕکابەری هەڵبژاردنەکە دەبین".
سەرچاوەیەکی باڵا لە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتیی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە سنووری هەموو لقەکانیان، لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ لیستی "پێشکۆتایی" کاندیداکانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئامادە کردووە و بەم زووانە پێشکەشی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەن.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، لیستەکە "پێشکۆتایی"ـە، چونکە تاوەکو ئێستا مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕەزامەندی کۆتایی لەسەر ناوی کاندیداکان نەداوە و ئەگەری گۆڕینی هەندێک ناو هەیە. گوتیشی، "چاوەڕێ دەکرێت، لەم چەند ڕۆژەی داهاتوودا لیستی کۆتایی پەسەند بکرێت و پێش 15-07-2024 ڕادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین".
ڕۆژی 20-05-2024، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنی سەر بە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی 100 کورسی، پێنج کورسیی پەرلەمانى کوردستانی بۆ کۆتاى پێکهاتەکان تەرخان کرد و ژمارەی کورسییە گشتییەکانیشی کەم کردەوە، بەم شێوەیە: سلێمانی 36 کورسی، هەولێر 32 کورسی و دهۆکیش 24 کورسی.
سەرچاوەیەکی دیکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، دوو هێندەی ئەو ژمارە کورسییانەی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی دیاریکردوون، کاندیدایان دەبێت و لەوانەیە نزیکەی 190 کەس بن. ئەو سەرچاوەیە ڕوونیشی کردەوە، "بەهۆی کۆنفرانسە ناوخۆییەکانی پارتییەوە، ئامادەکردنی لیستی کاندیدانی پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان دواکەوتووە".
ئەو سەرچاوەیەی پارتی ڕوونیشی کردەوە، بەشێک لە تێبینی و ناڕەزایەتییەکانی پارتی لەبارەی ڕێکارەکان و ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان چارەکراون و بەشێکی دیکەشیان لە چارەکردندان، بۆیە بڕیاری بەشدارییان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان داوە.
لە لەلایەکی دیکەوە سەرچاوەیەک لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ـی گوت، "هەوڵ دەدەین باشترین هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەین؛ لە یەک شت زۆر دڵنیاین، ئەویش ئەوەیە دەبینە یەکەمی بێڕکابەری هەڵبژاردنەکە و وەکوو هەر ساڵ زۆرینەی دەنگەکان بە دەست دەهێنین".
هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی 20-10-2024، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەدەچێت. سەرچاوەیەکی کۆمیسیۆن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "سەدا 80ـی ئامادەکارییەکانمان بۆ هەڵبژاردنەکە تەواو کردووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر هاوکارن لەگەڵمان".
بە گوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کارتی بایۆمەتریی دەنگدان کە تایبەتە بە دەنگدەرانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان؛ تاوەکو ڕۆژی پێنجشەممە، 04-07-2024، لە کۆی 818 هەزار و 979 کارت لە هەر سێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی؛ 438 هەزار و 533ـیان وەرگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکە سەدا 53.5 و 380 هەزار و 464ـیشیان وەرنەگیراونەتەوە کە دەکاتە نزیکەی سەدا 46.5.