ڕووسیا پێشوازیی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سووریا دەکات

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ڕایدەگەیەنێت، تورکیا هەنگاوی باشی بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکوومەتی سووریا ناوە.
ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هەنگاوی گرنگی و جێگەی بایەخی ناوە بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنقەرە-دیمەشق، پێشوازیی لەم هەنگاوانە دەکەین".
ماریا زاخارۆڤا پێی وایە "ڕەشنووسی ڕێککەوتنی ئەستانا باشترین ڕێگەیە بۆ چارەکردنی دۆخی سووریا بە شێوەیەکی ئاشتییانە". هاوکات هانی "دۆستەکانیان" لە تورکیا و سووریا دەدات پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کاتی گەڕانەوەی لە ئەمەریکا، وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی دایەوە و لەبارەی پرسی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و دیدارەکەی لەگەڵ بەشار ئەسەد، ڕایگەیاند: ئەرکی ڕێکخستنی دیدارەکەیان لەگەڵ ئەسەد، بە هاکان فیدان و هاوتاکەی سپێردراوە و هەردوولا نەخشەڕێگەی دیدارەکە ڕێک دەخەن.
وەکو ئەردۆغان گوتی، "ئاشتییەکی دادپەروەرانە لە سووریا شتێکی مەحاڵ نییە و یەکپارچەیی خاکی سووریا لە بەرژەوەندیی تورکیایە. تا ئێستە هەنگاوەکانمان لەگەڵ سووریا ئەنجامی ئەرێنی هەیە".
سەرۆککۆماری تورکیا بە پێویستی دەزانێت، ئەمەریکا و ئێران پاڵپشتیی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ سووریا بکەن.