هۆشداریی لە دروست بوونی قەیرانێکی گەورە دەدرێتە لایەنە سیاسییەکانی نەینەوا

ئەندامێكی ئەنجوومەنی هۆزەکانی باشووری مووسڵ، بەھۆی ململانێی لایەنە سیاسییەكان ھۆشداریی لە پێشھاتێكی ھاوشێوەی ساڵی 2014 دەدات كاتێك بەھۆی ناكۆكی لایەنەكان، داعش دەستی بەسەر شاری مووسڵدا گرت و وێرانكاریی و قەیرانێكی گەورەی لێ كەوتەوە.
خالید جبووری، ئەندامی ئەنجوومەنی هۆزەکانی باشووری مووسڵ، ھۆشداریی لە پێشھاتەكانی ئەم دواییەی پارێزگای نەینەوا دەدات و دەڵێت: ناكۆكی و ململانێ سیاسییەكانی ئێستا باجەكەی ھاووڵاتیان دەدەن و ڕووداوەكانی ساڵی 2014 وەبیر دەھێنێتەوە كە بەھۆیانەوە تیرۆر باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشا و وێرانكاری و كاولكارییەكی گەورە لە مووسڵ كەوتەوە.
ئامااژەی بەوەش دا، بۆ ڕێگەگرتن لە پێشھاتێكی ھاوشێوەی ساڵی 2014 پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە لێكگەیشتن و شەراكەت لەنێوخۆیاندا ڕێك بكەون.
سێشەممەی ڕابردوو، تەنگژەیەكی نوێ لە پارێزگای نەینەوا سەری هەڵدا، دوای ئەوەی كوتلەی نەینەوا ئەلمستەقل كە لە كۆی 29 كورسی، 16 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگای بەدەست هێناوە، لە كۆی 31 بەڕێوەبەری یەكە ئیدارییەكان، 20 بەڕێوەبەری لە كارلادا، ئەمەش كاردانەوە و ناڕەزایەتی پارتی و كوتلەكانی دیكەی لێ كەوتەوە، كە 13 كورسیی ئەنجوومەنی پارێزگایان هەیە، ھاوكات لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵەوە، تەواوی ئەو بڕیارانەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕەت كرانەوە بە نادەستووری و نایاسایی لەقەڵەم دران.