كەمال محەممەد: ھیچ ڕێگرییەك لە ھەمواركردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكان ناكەین

K24 – هەولێر:
وەزیری سامانە سرووشتییەکان بەوەکالەت، ڕایگەیاند: ھیچ رێگرییەك لە ھەمواركردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكان ناكەین و تێگەیشتنێكی باشیش ھەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراق.
كەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەكان بەوەکالەت لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، گوتی: ئەو پێشنیازانەی کە وەزارەتی نەوتی عێراق کردوویانە بۆ کۆمپانیاکانی نەوت، تا ئێستە کۆمپانیاکان پێی ڕازی نین.
هاوکات ئاماژەی بەوە دا، ئەو بڕە پارەیەی کە حکوومەتی عێراق بۆ بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوتی لە هەرێمی کوردستان دیاری کردووە، زۆر کەمترە لە خەرجی بەرهەمهێنانی یەک بەرمیل نەوت لەلایەن کۆمپانیاکانەوە.
وەزیری سامانە سرووشتییەكان بەوەکالەت، باسی لەوە کرد، ھیچ رێگرییەك لە ھەمواركردنەوەی گرێبەستە نەوتییەكان ناكەین و تێگەیشتنێكی باشیش ھەیە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە.
ڕۆژی یەکشەممە (9ـی حوزەیرانی 2024) حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند:لە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت و گاز کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، بەرەوپێشچوونی باش هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن.
هەمان ڕۆژ ئومێد سەباح، کە سەرۆکایەتی شاندی دانوستانکاری حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردەوە کە لە بەغدا، شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لەگەڵ حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق و بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق کۆبوونەوە.
ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەکرد: لە کۆبوونەوەکەدا، جەخت لەسەر پرسەکانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و وەزارەتی نەوتی عێراق و خەرجی کۆمپانیا نەوتییەکان و پرسی پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و تێچووی کۆمپانیا نەوتییەکان و میکانیزمی ڕێگەچارە بۆ ئەو پرسە تاوتوێ کران.