عەزیز ئەحمەد: ئەم هەفتەیە زیاتر لە 12 هەزار پێشمەرگە لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەکانیان وەردەگرن

K24 – هەولێر:
جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەم هەفتەیە زیاتر لە 12 هەزار پێشمەرگەی لیوا هاوبەشەکان بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن.
ڕۆژی (16ـی تەمموزی 2024) عەزیز ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند: زیاتر لە 12 هەزار پێشمەرگە لە لیوا هاوبەشەکان لەم هەفتەیەدا بە شێوەی دیجیتاڵی مووچەیان پێدەدرێت.
عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەوەشکردووە: ئەم چاکسازییەی ئێستا ساڵانێکی زۆرە لەلایەن هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمانەوە هاندەدرێت و جەختی کردووەتەوە؛ تا کۆتایی ئەمساڵ هەموو لیوا هاوبەشەکان لە ڕێگەی دیجیتاڵییەوە مووچە وەردەگرن.
ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی (16ـی تەمموزی 2024)، بڕی 676 ملیار و 36 ملیۆن دینار وەک شایستەی مووچەی هەردوو مانگی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی هێزەکانی پێشمەرگە و دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان؛ خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
دوای ڕۆژێک لە پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان فیدراڵ، ڕۆژی (11ـی تەمموزی 2024)، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران (پێنج و شەش)ـی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە درا.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی باڵای وەزارەتی دارایی و ئابووریی دەستی کەوتوون؛ ڕۆژی (17ـی تەمموزی 2024) دەست دەکرێت بە دابەشکردنی مووچەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، دەزگای ئاسایش و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان و ڕۆژی (18ـی تەمموزی 2024) مووچەکانی دیوانی وەزارەتی پێشمەرگە، هێزەکانی یەکەی 70، هێزەکانی یەکەی 80، بەرگری و فریاکەوتن و هێزەکانی زێرەڤانی دابەش دەکرێت.
بهپێی ئامارەکانی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، تاوهكو ئێستا زیاتر لە 400 هەزار مووچەخۆر، خۆیان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کردووە و 231 ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بەردەستن و تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2024 ژمارەکە دەبێتە نزیکەی هەزار ئامێر.
ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەی هەژماری من تاوەکوو ئێستا هەشت بانکە و هەریەکە لە بانکەکانی، ئاڕتی، جیهان، بەغدا، بی بی ئەی سی (بانكێكی لوبنانییه)، بانکی ئەهلیی عێراقی، بانکیی ئیسلامیی عێراقی، بانكی عێراقی بۆ بازرگانی (TBI) و بانکی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی (IDB) لەخۆ دەگرێت.