کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج

کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی هێزەکانی حەشدی شەعبی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە باشووری بەغدا کرایە ئامانج و تەقینەوەکان تا ئێستا بەردەوامن و تیمەکانی بەرگریی ناتوانن بگەنە شوێنی ڕووداوەکە.
پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا ڕایگەیاند: کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی هێزەکانی لیوای 42ی حەشدی شەعبی لە باشووری بەغدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کرایە ئامانج و تا ئێستا تەقینەوەکان بەردەوامن، بەهۆیەوە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ناتوانن نزیکی شوێنی ڕووداوەکە بکەونەوە.
دەستەی حەشدی شەعبی بەیاننامەیەکی لەبارەی تەقینەوەکە بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە تەقینەوەیەک لە کۆگایەکی پشتیوانیی لۆجستی لیوای 42ـی سەر بە فەرماندەیی جموجۆڵەکانی سەڵاحەدین، بە دیاریکراوی لە سەربازگەی دواوە ناوچەی یوسفیە لە باشووری بەغدا.
ئەو دەستەیە دەشڵێت: دەستە لێژنەیەکی هونەریی تایبەتی دروستکردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی تەقینەوەکە، ئاماژەی بەوەشکردووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانیی و تەندروستیی گەیشتوونەتە شوێنی ڕووداو، تا ئێستاش هیچ زیانێکی گیانی لە تەقینەوەکە نەکەوتووەتەوە.