ڕووسیا ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکی، 16 ساڵ زیندانی دەکات
"سیخوڕی بۆ ئەمەریکا کردووە"

بە تۆمەتی "سیخوڕیی بۆ ئەمەریکا" دادگایەکی ڕووسیا سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەر پەیامنێرێکی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـدا سەپاند.
"ڕۆژنامەنووسەکە سەرقاڵی کۆکردنەوەی زانیاریی بوو بۆ ئەمەریکا"
ڕۆژی هەیینی، 29-03-2023، واتا زیاتر لە ساڵێک پێش ئێستا، دەزگای ئاسایشی ڕووسیا، ئیڤان گێرشکۆڤیچ، ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکی و پەیامنێری ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" دەستگیر کرد و ڕایگەیاند، ڕۆژنامەنووسەکە لەسەر داوای حکوومەتی ئەمەریکا سەرقاڵی "کۆکردنەوەی زانیاری بوو لەسەر چالاکییەکانی کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی سەربازیی ڕووسیا".
ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییەکە 16 ساڵ زیندانی دەکرێت
ئێوارەی ڕۆژی هەینی، 19-07-2024، دادگای شاری یێکاترینبرگ کە دەکەوێتە ناوەندی ڕووسیا، بە تۆمەتی "سیخوڕیی بۆ ئەمەریکا" سزای 16 ساڵ زیندانی بەسەر ئیڤان گێرشکۆڤیچ، ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییە تەمەن 32 ساڵییەکەدا سەپاند.
ئەمە سێیەمین دانیشتنی دادگا بوو لە ماوەی زیاتر لە 16 مانگی ڕابردوودا، لەبارەی دادگاییکردنی ئیڤان گێرشکۆڤیچ بەڕێوە بچێت. دوای سەپاندنی سزای زیندانی، دادگاکە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو، ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییەکە هەموو ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردوونەتەوە کە خراونەتە پاڵی.
لە دوو هەفتەدا دەتوانرێت تانە لە بڕیارەکە بدرێت
ئیڤان گێرشکۆڤیچ یەکەم ڕۆژنامەنووسی ڕۆژئاواییە بە تۆمەتی "سیخوڕی" بۆ وڵاتێکی دیکە، لەلایەن دادگایەکی ڕووسیاوە، سزای زیندانی بەسەردا بسەپێندرێت.
بە گوێرەی یاسا، ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییە یان داواکاری گشتی، بۆیان هەیە لە ماوەی دوو هەفتەدا لە دوای دەرچوونی بڕیاری دادگا، تانە لە بڕیارەکە بدەن، بەڵام ئەگەر تانە لە بڕیارەکە نەدرا، پەیامنێرەکەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" دەگوزارێتەوە زیندان و تا ئەو کاتەی سزا 16 ساڵییەکەی تەواو دەبێت، لەوێ دەمێنێتەوە.
لێدوانی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا
دیمیتری پیسکۆف، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی ڕووسیا (کریملن) لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕەتی کردەوە هیچ زانیارییەکی دیکە لەبارەی ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییەکە ئاشکرا بکات و گوتی: "تۆمەتی سیخوڕی، بابەتێکی زۆر هەستیارە و ناتوانین وردەکاریی دیکە لەوبارەیەوە بخەینەڕوو، دادگاییکردنەکە بەردەوامە".
داواکەی بایدن و بەڵێنەکەی ترەمپ
لە ماوەی ڕابردوودا چەند جارێک جۆو بایدن، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و بەرپرسانی واشنتن داوای ئازادکردنی ڕۆژنامەنووسەکەیان لە ڕووسیا کردووە، بەڵام ئەو داوایەیان لەلایەن مۆسکۆوە ڕەت کراوەتەوە.
پێشتر بایدن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستبووە ڕوو، "ماندوونەناسانە کار بۆ ئازادکردنی ئیڤان دەکەین و بەردەوام دەبین لەسەر هەوڵەکانمان". وەکو بایدن گوتبووی، ڕووسیا ڕۆژنامەنووسەکەی دەستگیرکردووە "لەبەر ئەوەی ڕۆژنامەنووسە و ئەمەریکاییە".
لەلایەکی دیکەوە کۆشکی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا "کۆشکی سپی" لە ڕاگەیەندراوێکدا تۆمەتەکانی دەزگای ئاسایشی ڕووسیای ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند، حکوومەتی ئەمەریکا هەرگیز داوای لە ڕۆژنامەنووس ئیڤان گێرشکۆڤیچ نەکردووە سیخوڕییان بۆ بکات یان زانیاریی لەبارەی توانا سەربازییەکانی ڕووسیا کۆ بکاتەوە.
دۆناڵد ترەمپیش، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی، بەڵێنی داوە، ئەگەر لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتووی ئەمەریکا دەربچێت، "دەستبەجێ" ڕۆژنامەنووسەکە ئازاد دەکات بەبێ ئەوەی هیچ وردەکارییەکەی دیکە لەبارەی چۆنییەتی ئازادکردنی بخاتە ڕوو.