غەریب ئەحمەد: هیوایەک هەیە هەولێر و بەغدا لەسەر زۆرینەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بگەنە ڕێککەوتن

K24 – بەغدا:
پەرلەمانتارێکی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ئهو كارنامه سیاسییەی لەنێوان لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەیە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. گوتیشی: هیوایەک هەیە هەولێر و بەغدا لەسەر زۆرینەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی گوت: هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق ئەوەندەی پەیوەندی بە ئاڵۆزی نێوماڵی سوننەدا هەیە، کەمتر پەیوەندیی بە لایەنەکانی دیکەوە هەیە، بەڵام لە بەرژەوەندی بەشێک لە شیعەکان دایە کە پەرلەمان بەو شێوەیەی ئێستە بمێنێتەوە، هاوکات ئەوەی کە گرنگە خۆڕێکخستنەوەی نێو ماڵی سوننەیە بۆ چارەکردنی پرسەکە.
ناوبراو سەبارەت بە کارنامەی سیاسی نێوان لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت و رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا ئاماژەی بەوە کرد: ئهو كارنامه سیاسییەی لەنێوان لایەنەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەیە وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە. بەڵام هیوایەک هەیە هەولێر و بەغدا لەسەر زۆرینەی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق لە بارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانەوە دەڵێت: ئەو برەی گەنمەی ئەمساڵ بۆ هەرێمی کوردستان دانرابوو کە 700 هەزار تۆن بوو لە ئاست خواستنی جووتیارانمان نەبوو چونکە بەرهەمی ئەوان زۆر زیاترە، بەڵام ئەم بڕەی ئەمساڵ بەروارد بە ساڵی پار باشترە.